گرتووخانەی ناوەندیی بۆکان؛ گیان لەدەستدانی کاوە ئەحمەدزادە بە هۆی ڕێگری چارەسەری پزیشکی
هەنگاو؛ سێشەممە ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
کاوە ئەحمەدزادە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی بۆکان کە چەند مانگ لەمەوبەر بە تۆمەتی تاوانی دارایی لە گرتووخانەی ناوەندیی ئەم شارەدا دەسبەسەرکرابوو، بە هۆی بێبەشبوون لە دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی پێویست دوای تووشبوون بە پەتای ئەنفلۆنزا لەم گرتووخانەیەدا گیانی لەدەست دا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، کاوە ئەحمەدزادە، هاووڵاتیی تەمەن ٥٤ ساڵ و خەڵکی بۆکان و باوکی یەک منداڵ، بە دوای تووشبوون بە پەتای ئەنفلۆنزا و بێبەشبوون لە دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی دەرمانی پێویست، لە گرتووخانەی ناوەندیی بۆکان گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، کاوە ئەحمەدزادە لە حەوتووی ڕابردووە بە هۆی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا گواستراوەتەوە بۆ بەشی دەرمانی گرتووخانە و سەرەڕای خراپیی دۆخی تەندروستیی ئەم هاووڵاتییە، بەرپرسانی گرتووخانە ڕێگرییان کردووە لە ناردنی بۆ ناوەندەکانی چارەسەریی دەرەوەی گرتووخانە.
ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ دوای خراپتربوونی دۆخی ئەم هاووڵاتییە، دووبارە گوازراوەتەوە بۆ بەشی دەرمانی گرتووخانە و تەنیا سیرۆمی لێ وەسڵکراوە و گەڕێنراوەتەوە ناو بەندەکە، کە لە ئەنجامدا دوای یەک ڕۆژ گیانی لەدەست دا.
ئەم هاووڵاتییە نزیکەی شەش مانگ پێش ئێستا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری بەندکران و دانانی سزایی نەقدی سەبارەت بە دۆسیەکەی کە بە تۆمەتی تاوانی دارایی دەستبەسەر بوو، بۆ گرتووخانەی بۆکان گوازرابۆوە.
شایانی باسە، کاوە ئەحمەدزادە، یەکێک لە بەندکراوانی سیاسیی دەیەی شەست بوو کە پێشتر بە تۆمەتە سیاسییەکان چەندین جار دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لە ساڵانی ٢٧٢٩ و ٢٧٣٤ دوو جار دەستبەسەر و بە تۆمەتی "کارکردن دژی ئاسایشی نەتەوەیی" لە ڕێگەی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە گشتی نزیکەی شەش ساڵ بەندکرانی لە گرتووخانەی ناوەندیی بۆکان کێشابوو.