کرماشان؛ بەهمەن نادری سزای یەک ساڵ بەندکران و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا

٢٢ سەرماوەز ٢٧٢٤، ١٣:٠٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

بەهمەن نادری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری کرماشان، کە لە بەرەبەرەی دووەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزە حکوومەتییەکانی ئێران دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی بڕی پارەی دە ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١١ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، بەهمەن نادری، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی کرماشان لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە سزای یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی دە ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو هاووڵاتییە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٤، لە بەرەبەرەی دووەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا و دوای یەک مانگ دەستبەسەرکران لە دەستبەسەرگەکانی سوپاوە بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان گواسترایەوە و ڕۆژی ٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

بەهمەن نادری پێشتریش لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای شەش مانگ بەندکران و پێبژاردنی هەشت ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرابوو.

شایانی باسە کە، بەهمەن نادری ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٣ لە بەرەبەرەی ساڵیادی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای یەک حەوتوو بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی تا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لە لایەن خانەی دادی گشتی و شۆڕشی کرماشانەوە بانگ کرابوو و دوای چەند کاتژمێر دەستبەسەرکران و لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە