بانه؛ بەردەوامی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی سامان کەریمی، بەندکراوی سیاسی پێشووی مەحکووم بە سێدارە و هاوژینەکەی فەرزانە ڕەشیدی

١٧ جۆزەردان ٢٧٢٥، ٢٠:٢٣

هەنگاو؛ شەممە ١۷ی جۆزەردانی ٢٧٢٥

سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەی دوو حەوتوو لە دەستبەسەرکرانی سامان کەریمی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و دوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی لە لایەن دیوانی باڵاوە ئازاد کرابوو، لەگەڵ هاوژینەکەی بە ناوی فەرزانە ڕەشیدی، خوێندکاری زانکۆ، تا ئێستا ھیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەرای تێپەڕبوونی دوو حەوتوو لە کاتی دەستبەسەرکرانی فەرزانە ڕەشیدی، تەمەن ٢٦ ساڵ و خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری بانە و هاوژینەکەی سامان کەریمی تەمەن ٣٣ ساڵ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بانە، زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سامان کەریمی لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و فەرزانە ڕەشیدی تەنیا یەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورتماوەی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢٥ی مەی ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون.

شایەنی باسە کە هێزە ئەمنییەکان سەرەتا سامان کەریمی، بەندکراوی سیاسیی پێشوویان لە یەکێک لە شەقامەکانی بانە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کردبوو و دواتر هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی ئەو بنەماڵە و هاوژینەکەی بە ناوی فەرزانە ڕەشیدییان دەستبەسەر کردبوو.

سامان کەریمی پێشتر، رۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ (٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨) لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کرابوو و بۆ دەستبەسەرگەی شارامفەڕ لە سنە گواسترابۆوە. ناوبراو ساڵێک دواتر لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (۱۲ی نۆڤەمبەری ۲۰۱۹) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی ''بەغی لەرێگای ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران'' سزای سێدارە و ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو سزایە مانگی خەرمانانی ساڵی ۲۷۲۰ لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشێندراوە و بۆ لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە گەڕێندرایەوە.

سامان کەریمی دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا و لەکۆتاییدا لە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (١٧ی جولای ٢٠٢١) لە لایەن لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ٤ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی وڵات" سزای ٤ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ٩ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان قورسترین سزا واتە سزای ٤ ساڵ بەندکرانی ناوبراو شیاوی جێبەجێکردن بوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە