شیروان؛ دەستبەسەرکرانی مۆرتەزا پیرزادە، چالاکی کولتووری کورد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە

هەنگاو؛ دووشەممە ۳۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
مۆرتەزا پیرزادە، چالاکی کولتووری کورد و خەڵکی شاری شیروان سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی یەکشەممە ۲۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۰ی جولای ۲۰۲۵)، مۆرتەزا پیرزادە، چالاکی کولتووری کورد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە شاری شیروان دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مۆرتەزا پیرزادە لە شاری شیروان و ئەو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.
مۆرتەزا پیرزادە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چالاکییەکی بەرچاوی بەتایبەت لە بواری جلوبەرگ و کولتووری کوردی لە نێوان کوردانی خوراساندا هەبووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.