ڕێوڕەسمی نەورۆز؛ ناڕوونی چارەنووسی شنۆ محەممەدی و ئاریوان شاكری دوو چالاكی مەدەنیی كورد لە سنە

هەنگاو؛ هەینی ٨ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥
شنۆ محەممەدی و ساحێب (ئاریوان) شاكری، دوو هاوژینی كورد و خەڵكی سنە، ٦ ڕۆژ پێش لەم شارە دەستبەسەر و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی ٦ ڕۆژ لە دەستبەسەركرانی شنۆ محەممەدی تەمەن ٣٤ ساڵ لەگەڵ هاوسەرەكەی بە ناوی ئاریوان شاكری تەمەن ٣٥ ساڵ، دوو چالانی مەدەنیی خەڵكی سنە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات، زانیارییەكی ورد لەسەر چارەنووسی ناوبراوان لەبەر دەستدا نییە و هەوڵی بنەماڵەكانیان بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی ئەم دوو هاووڵاتییە بێ ئاكام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەكان پێدانی هەر جۆرە وڵامێك خۆیان پاراستووە.
ئەم دوو هاووڵاتییە، ڕۆژی یەكشەممە ٣ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥ (٢٣ی مارسی ٢٠٢٥)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەكان بۆ سەر ماڵەكەیان لە گەڕەكی حاجیاوای سنە و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەكی دادوەری دەستبەسەر كران.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، دەستبەسەركرانی ئەم دوو هاووڵاتییە لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی نەورۆزی كوردستان بووە.