دەستبەسەرکرانی ئالان محەممەدی کۆڵبەری گەنجی خەڵکی مەریوان، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۴ی بانەمەڕی ۲۷۲۵
ئالان محەممەدی، کۆڵبەری گەنجی خەڵکی شاری مەریوان کە مانگی ڕەشەممەی دوو ساڵ پێش لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری «هەنجیران» بەسەختی بریندار کرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای پێنج ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۲۲ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۱۲ی مەی ۲۰۲۵)، ئالان محەممەدی، تەمەن ۲۵ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای پێنج ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئالان محەممەدی نێوەڕاستی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە لایەن دادگای شۆڕشی مەریوان سزای پێنج ساڵ بەندکران و پێبژاردنی شەش ملیار تمەن پارەی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەو کۆڵبەرە گەنجە ڕۆژی پێنجشەممە ۲۴ی ڕەشەممەی ۲۷۲۳ (۱۴ی مارسی ۲۰۲٤) لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری «هەنجیران»ی مەریوان بەسەختی بریندار کرا. ناوبراو بەهۆی زیان بەرکەوتنی سەختی گورچیلەکانی بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گواسترایەوە و نەشتەرگەری بۆ کرا. پاش هەستانی لە نەخۆشخانە لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و دواتر بە دانانی بارمتەی هەشت ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
شایانی باسە کە، ئالان محەممەدی تا ئێستاش بەهۆی برینەکانی، مانگانە پێویستی بە دوو جار دیالیز و چەند جار فیزیۆتراپی هەیە و سەرەڕای باری نالەباری تەندروستیی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستی پێ کردووە.