بەندیخانەی ئورمیە؛ حاتەم ئوزدەمیر، بەندکراوی سیاسیی کورد جارێکی دیکە سزای سێدارە بە سەریدا سەپێنرا

٣٠ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٦:٠٤

هەنگاو؛ یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

حاتەم ئوزدەمیر، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی ئاگری لە کوردستانی تورکیا، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی لەلایەن دیوانی باڵا، جارێکی دیکە لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارە بە سەریدا سەپێنرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژەکانی ڕابردوودا حاتەم ئوزدەمیر تەمەن ٢٨ ساڵ، لەلایەن لەقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە بە تۆمەتی "موحاربە" سزای سێدارە بە سەریدا سەپێنرا و ئەو سزایە ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٩ی ٢٠٢٤)، لە بەندیخانەی ئورمیەوە بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

دوایین دانیشتنی دادگا و پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی حاتەم ئوزدەمیر، ڕێکەوتی ٤ی بانەمەڕی ئەمساڵ بەڕێوە چوو.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە، پێشتر، سزای سێدارەی حاتەم ئوزدەمیر لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و بۆ لقی هاوتەریبی خۆی لە ئورمیە نێردرابوو.

حاتەم ئوزدەمیر پێشتر و لە کاتێکدا کە ٣٣ مانگ لە دەستبەسەرکرانی تێپەربوو؛ لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری خۆی، بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) سزای سێدارە و ٥ ساڵ بەندکران بە سەردا سەپابوو. ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢١، ئەم سزایە لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیەوە بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.


حاتەم ئوزدەمیر ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ٢٧١٩ (٣ی جولایی ٢٠١٩) لە تێکهەڵچوونێکی نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ چەند گەریلایەکی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەی بۆرالانی شاری ماکۆ لە حاڵێکدا بریندار و لە هۆشی خۆی چووبوو، بە دیل گیرا.


ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی گەلاوێژ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠١٩) دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی لە دەستبەسەرگەی بارەگای ڕەمەزانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە ئورمیە بۆ بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لەو شارە گواسراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە