ئورمیە؛ ناسر بەکرزادە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
ناسر بەکرزادە، هاووڵاتیی کورد و بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو چوارەمین بەندکراوی کوردە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سەپاندنی سزای سێدارەکەی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا ناسر بەکرزادە، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی ئورمیە لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
ناسر بەکرزادە، ١٨ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ئورمیە دەستبەسەر کرا و دوای چەند حەفتە بە "وەرگرتنی بەڵێننامە" و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو. ناوبراو ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٣ جارێکی دیکە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ئورمیە دەستبەسەر کرایەوە و دوای چەند مانگ لێپرسینەوە لەژێر گوشار، لە ئاکامدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە، سێ بەندکراوی کوردی دیکە بە ناوەکانی ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی خەڵکی شاری سەردەشت و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد خەڵکی شاری سلێمانیی سەر بە هەرێمی کوردستان، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و هەواڵی سەپاندنی ئەو سزایە دوای یەک ساڵ، لەم دواییانەدا بە شێوەی فەرمی ڕاگەیەندراوە.
ئەسغەر جەهانگیری، وتەبێژی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا بێ ئاماژەکردن بە ناوی ئەو هاووڵاتییانە، ڕایگەیاند کە سێ کەس بێجگە لە "سیخوڕی" بە ئامرازی قاچاغی خواردنەوەی ئەڵکۆڵی، کەرەستەی تێرۆرکردنی موحسین فەخریزادە مەهابادی، یاریدەری پێشوووی وەزیری بەرگری و لە بەرپرسانی ماستێری پلەنی ناوەکیی ئێرانییان گواستووەتەوە.
ئەو سێ بەندکراوە پاییزی ساڵی ڕابردوو سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام یەک ساڵ و چەند ڕۆژ دوای ئەو هێرشە سەربازییانەی ئیسرائیل کە بەمەبەستی تۆڵەکردنەوە بۆ سەر پێگەی سەربازیی ئێران ئەنجام درابوون، لە لایەن وتەبێژی دەزگای دادوەرییەوە میدیایی کراوەتەوە.
ئەو هاووڵاتییانە کە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن بێبەش بوون، لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا لەژێر سەختترین ئەشکەنجەکاندا داندراون و لەژێر ئەو ئەشکەنجانەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملی و قبووڵکردنی ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان کراون، و لەدوای ٨ مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراونەتەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ٧ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی، ڕەحمان پڕحازۆ، پێژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، وەفا ئازەربار و محەممەد فەرامەرزی بە بیانووی سیخوڕی و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیل لە بەندیخانەکانی ئورمیە و قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە دراون.
هەروەها بێجگە لەو سێ بەندکراوە کە یەکیان خەڵکی شاری سلێمانی سەر بە هەرێمی کوردستانە، دوو بەندکراوی کوردی دیکەش بە ناوەکانی شاهین وەساف خەڵکی سەڵماس کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کرابوو و ناسر بەکرزادە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.