بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە؛ حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلوو بەندکراوی سیاسیی کورد سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا

١٢ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٦:٥٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی چالدێران کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بەندکراوە، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو نزیک بە یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو لە دەستبەسەریدا بەسەر بردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ناوەڕاستی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلوو بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی گوندی "سەگریک" سەر بە چالدێران لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەف زادە بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامیەتی لە حیزبی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی پێویست و تەنیا بە "زانستی دادوەر" لە دادگایەکی چەند خولەکیدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دۆسیەی حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلوو لە دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕەوانەی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە. شایانی باسە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا و تەنانەت لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.

حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلوو کە ٥٤٠ ڕۆژی ڕابردووی لە دەستبەسەریدا بەسەر بردووە، ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژی ئەم ماوەیە لە ژێر گوشاری دەروونی و جەستەیی بووە و لە مافە سەرەتاییەکانی خۆی لەوانە مافی چاوپێکەوتن بێبەش بووە و تەنیا دوو جار پەیوەندی تەلەفۆنی هەبووە.

ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەی توند ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی بووە کە بەشداری لە چالاکییەکی چەکداری دژی هێزەکانی پاسەوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە و لانی کەم ٨ کەس لەم هێزانە کوژراون.

دادگا لە ژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعات بانگەشەی ئەوەی کردووە کە مستەفا نووری، برای هاوژینی حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلوو ساڵی ٢٧١٥ لە کاتی کۆڵبەری لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژراوە، و ناوبراو بە بیانووی "تۆڵەکردنەوە" دژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چالاکیی چەکداری کردووە.

حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلوو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٣ی ئاپریلی ٢٠٢٣) لە سنووری چالدێران لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوور لەگەڵ چەند هاووڵاتیی ئەفغانستان دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکان لە چاڵدران گواسترانەوە. لەوێدا بە هۆی حوکمی دەستبەسەرکردنی لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعات داواکاری ناوبراو بۆ دانانی بارمتە ڕەد کرایەوە و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری ئورمیە گواسترایەوە.

ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاییدا سەرەتای مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ بەندی ٢ی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواستراوەتەوە و تا ئێستا هەر لەوێدایە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە