مەریوان؛ برینداربوونی کاسبکارێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

٩ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٩:١١

هەنگاو؛ چوارشەممە ٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

کاسبکارێکی خەڵکی شاری مەریوان بەناوی محەممەد خەسرەوی لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەختی بریندار کراوە و بارودۆخی دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٢٧ی مەی ٢٠٢٤)، محەممەد خەسرەوی، باوکی منداڵێکی تەمەن یەک ساڵ و خەڵکی گوندی "باشماخ" سەر بە شاری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی، لە نزیکیی کارگەی خۆراکی ئاژەڵ و پەلەوەرەکانی شارۆچکەی پیشەیی "دەشتی بێڵوو"ی مەریوان بریندار کراوە و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، محەممەد خەسرەوی لە بەشی بڕبڕەی پشتی کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە و ئێستا لە بەشی چاودێریی تایبەتیی نەخۆشخانەی کەوسەری سنەدا خەوێندراوە.

ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە دوو ئەندام لە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناوەکانی کەیوان موعەزەمی و کەسێکی دیکە بە ناوبانگی "دەریگوەند" تەقەیان لەو کاسبکارە کوردە کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە