ڕاپۆرتێک لەسەر برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە مەریوان و سەقز
هەنگاو؛ سێشەممە ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بە ناوی سیاوەش جەوانی لە سنووری بەستامی سەقز و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی سینا (ناسنامەی بنەماڵەی نادیار) لە سنووری باشماخی مەریوان، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، سیاوەش جەوانی، کۆڵبەری تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی بەستامی سەقز لە بەشی پشت و ڕانەوە بەسەختی بریندار بوو.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە درێژەی ئەو تەقە ڕاستەوخۆیەی کە لە سنووری بەستامی سەقز ڕووی داوە، گرووپێک لە کۆڵبەران کراونەتە ئامانج و کۆڵبەرێک بریندار بووە، چوار سەر ئەسپی کۆڵبەران کوژراون، دوو سەر ئەسپ بریندار کراون و دوو سەر ئەسپی دیکەش لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی سینا (ناسنامەی بنەماڵەی نادیار) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەرسنوور لە سنووری باشماخی مەریوان، بریندار بووە.