کوژرانی موتەلیب خەیبەری کاسبکاری کوردی خەڵکی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە سنووری ئەم شارە

٢١ جۆزەردان ٢٧٢٦، ١٠:٢٩

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦

کاسبکارێکی کورد و خەڵکی بانە بە ناوی موتەلیب خەیبەری، بە تەقەی ڕاستەوخۆ و بەبێ ڕەچاوکردنی یاسای بەکارهێنانی چەک لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارستانەدا کوژرا. ئەم هاووڵاتییە لە کاتی کرانە ئامانجیدا، هیچ جۆرە کاڵا و کەلوپەلێکی پێ نەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١١ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، هێزەکانی هەنگی سنووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێگیر لە مەرزی «چۆمان»ی بانە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و لە مەودایەکی نزیکەوە، دەستدرێژیان لە موتەلیب خەیبەری کاسبکاری خەڵکی بانە کردووە و بەهۆی پێکران لە بەشی سەریەوە دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕایگەیاند: "موتەلیب خەیبەری لە کاتێکدا کراوەتە ئامانجی دەستڕێژی تەقەی ڕاستەوخۆی  هێزە چەکدارەکانی حکوومەت کە هیچ جۆرە کاڵا و شت و مەەکێکی پێ نەبووە. تەرمی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەییووبیی بانە گواستراەتەوە و ناوەندە حکوومەتییەکان تا ئێستا لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی ناوبراو بە بنەماڵەکەی خۆیان پاراستووە."

موتەلیب خەیبەری، خەڵکی گوندی «ساڵه»ی سەر بە شاری بانە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە کە بەهۆی نەبوونی هەلی کاری گونجاو و جێگیر لە کوردستان، ناچار بووە لە ناوچە سنوورییەکاندا کاسبی بکات.

کوشتاری سیستماتیکی کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی یاساکانی بەکارهێنانی چەک و لەژێر سێبەری بێبەریبوونی تەواوی یاسایی بکەرانی ئەم تاوانانە، نموونەی بەرچاوی زەوتکردنی مافی ژیان و پێشێلکردنی بەرچاوی مافەکانی مرۆڤە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە