پێکدادانی چەکداری لە سنووری بانە هاتە ئاراوە و سێ کەس لە هێزەکانی ئێران کوژران و بریندار بوون

١٣ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٠٩:٢٨

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

لە سنووری هەنگەژاڵی بانە پێکدادانێکی چەکداری لەنێوان هێزەکانی پاسەوانی سنوور و گرووپێکی نەناسراو هاتە ئاراوە و لە ئاکامدا یەکێک لە هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا و دووی دیکەش بریندار بوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، و کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤) ٢ی مەی ٢٠٢٤ (، لە سنووری هەنگەژاڵی بانە پێکدادانێکی چەکداری لەنێوان هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هێزێکی نەناسراو هاتووەتە ئاراوە و لە ئاکامدا یەکێک لە هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ناوی فەرزین دلیان خەڵکی کرماشان کوژراوە و دووی دیکەش بریندار بوون.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە دوای ئەو پێکدادانە چەکدارییە چەندین ئەمبوڵانس بۆ شوێنی تێکهەڵچوونەکە بەڕێکراون.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ حیزب یان لایەنێک بەرپرسیارێتیی ئەو تێکهەڵچوونەی بە ئەستۆ نەگرتووە.

شیاوی ئاماژە پێکردنە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانی جێگیر لەو خاڵە سنوورییە ئازارێکی زۆری کۆڵبەرانیان داوە و دەیان کۆڵبەر لەو سنوورە لە مەودایەکی نزیک و بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە