ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین بارودۆخی مریەم حاجی حوسێنی لە بەندیخانەی ئێڤین

١١ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٠:٤٢


هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٤


مریەم حاجی حوسێنی داهێنەر و ئەندازیاری بەشی پۆلیمێر لە زانکۆی ئەمیر کەبیر، لە نزیک به پێنج ساڵ پێشەوە لە لایەن دەزگای دادواریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی سیخۆریکردن بۆ ئیسڕائیل ١٠ساڵ بەندکرانی بەسەردا سپێندرا و لە ئێستادا ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ئێڤین تێپەڕ دەکات.


بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مریەم حاجی حوسێنی هاووڵاتی تەمەن ٥٢ ساڵ، خەڵکی شاری تاران بە تێپەڕکردنی نیزیکەی ٥ساڵ لە سزای دە ساڵ بەندکران کە بەسەریدا سەپاوە، لە بەندنیخانەی ئێڤین ڕاگیراوە و  هەتا ئێستا لەمافی پێدانی مرەخەسی بێبەش کراوە. هەروەها لە دانیشتنی دادگادا مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری پێ نەدراوە.

مریەم حاجی حوسێنی، ئەندامی دامەزراوەی نیشتمانی بژاردەکان، وەرگری خەڵاتی داهێنانی نێودەوڵەتی خاڕەزمی، وەرگری میدالیای زێڕی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی داهێنەرانی زاگرێب له وڵاتی کورواسی، ئەندازیاری بەشی پۆلیمێر لە زانکۆی ئەمیر کەبیر، بەڕێوبەری گشتی کۆمپانییای "عصر کربن سازه"، خەرمانانی ساڵی ٢٧١٩ لە یەکێک لە شەقامەکانی تاران لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرابوو.

بە‌ وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مریەم حاجی حوسێنی بۆ ماوەی ٦مانگ لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوە و دوای چوار مانگ پێوەندی تەلەفۆنی بۆ بنەماڵەکە گرتووە کە پەیوەندییەکی سێ خولەکی بووە. ئەو هاووڵاتییە بە گشتی ٤١٢ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا کردوە و هەروەها لە نێوان ئەو لێپرسینەوانەدا هەڕەشەی لە سێدارەدانی لێکرابوو.

دانیشتنی دادگای پێداچوونەوە بەسەر تۆمەتەکانی مریەم حاجی حوسێنی ڕۆژی سێشەممە ٣ بانەمەڕی  ٢٧٢٠ (٢٢ی ئەپریلی ٢٠٢٠) لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی ئەنجام درا. ناوبراو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی "فساد فی‌الارض" و سیخۆریکردن بۆ وڵاتی ئیسڕائیل لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی موساد تۆمەتبار کرابوو و  لە کوتاییدا دوای دوو جار کۆبۆنەوەی دادگا  سزای ١٠ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە لە لقی ٣٦ ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران پشتڕاست کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە