بەندیخانەی ئێڤین؛ سەپاندنی سزای ٢٧ مانگ بەندکران بەسەر پێنج بەندکراوی سیاسیی ژن

١ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ١١:١٤

هەنگاو؛ سێشەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، نەرگس محەممەدی، مەحبووبە ڕەزایی و پەریوەش موسلیمی، پێنج بەندکراوی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین لە دۆسیەیەک کە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی بەندکراوانی ژنی ئەو بەندیخانەیە سەبارەت بە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی کرابۆوە، سەرجەم سزای ٢٧ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، نەرگس محەممەدی، مەحبووبە ڕەزایی و پەریوەش موسلیمی، پێنج بەندکراوی سیاسی لە لایەن دادگای تاوانەکانی دووی دەزگای دادوەریی قودسی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبۆلفەزل عامیری شەهرابی لە دۆسیەیەکی هاوبەش بە تۆمەتی "تێکهەڵچوون لەگەڵ گاردی بەندیخانە و سەرپێچی‌کردن" سزای ٢٧ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەزبەر (١٨ی ئۆکتۆبەر) پێیان ڕاگەیەندرا.

بەپێی ئەو سزایە پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە، وریشە مورادی بەندکراوی سیاسیی تۆمەتبار بە بەغی، نەرگس محەممەدی و مەحبووبە ڕەزایی هەر یەک سزای شەش مانگ بەندکران، و پەریوەش موسلیمی سزای سێ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران و سەرجەم سزای ٢٧ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پەریوەش موسلیمی لە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی بەندیخانە" و ئەو چوار بەندکراوەی دیکە لە تۆمەتی "تێکشکاندنی ئەمواڵ" بێبەری کراون. لە دانیشتنی ئەو دادگایەدا تەنیا پەریوەش موسلیمی ئامادە بووە و بەندکراوانی دیکە ئامادە نەبوون.

شایانی باسە کە، ئەو دۆسیە لە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ دوای ناڕەزایەتیی ژمارەیەک لە ژنانی بەندیخانەی ئێڤین بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" کرایەوە کە تێکهەڵچوونی گاردی ئەو بەندیخانە لەگەڵ بەندکراوەکانی لێکەوتەوە و لە لایەن لیژنەی ئینزباتییەوە بۆ ماوەیەک لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی تەلەفۆنیش بێبەش کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە