بەندیخانەی ئێڤین؛ قەدەغەکردنی پەیوەندیی تەلەفۆنی سەکینە پەروانە لە دوای مانگرتن لە خواردنی هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتی ژینا ئەمینی

١١ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٩:٢١

هەنگاو؛ چوارشەممە، ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی کورد خەڵکی شاری قووچان، لە سێ حەوتە لەمەوبەرەوە، لە دوای ڕاگەیاندنی مانگرتن لە خواردنی لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران، لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. ناوبراو بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کوشتنی خۆپیشاندەرانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی کورد خەڵکی شاری قووچان سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، ١٨ ڕۆژی ڕابردووی بە قەدەغەکردنی پەیوەندی و چاوپێکەوتن لە بەندیخانەی ئێڤین بەسەر بردووە کە ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی جددیی کەسوکار و بنەماڵەکەی.

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سەکینە پەروانە لە ٢٤ی خەرمانانی ئەمساڵەوە، بە فەرمانی بەرپرسانی دەزگای دادوەری و ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە بێبەشکردنی پەیوەندی تەلەفۆنی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ٢٣ی خەرمانان ڕایگەیاند کە لە ٢٤ و ٢٥ی هەمان مانگ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە کوشتنی خۆپیشاندەرانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و بۆ دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەکانی دادخواز، مانگرتن لە خواردن دەکات.

ناوبراو پێشتریش لە ناڕەزایەتی بە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی وەفا ئازەربەر، موحسین مەزلووم، پژمان فاتیحی و محەممەد فەرامەرزی، چوار بەندکراوی سیاسیی کورد، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ مانگرتنی کردبوو.

سەکینە پەروانە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی دەستبەسەر کردنی، لە ناکاو لە بەندیخانەی وەکیل ئاوای شاری مەشهەدەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین لە تاران گواسترایەوە.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو دوای بانگکرانی لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەشهەدەوە دەستبەسەر و لە ٢٥ی هەمان مانگدا بۆ بەندی ٥ی بەندیخانەی مەشهەد گواسترایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ٢٧٢٣، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامی مەشهەدەوە سزای حەوت ساڵ و شەش مانگ بەندکران بەسەردا سەپێندرا، لە کاتێکدا لە مافی دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوو.

ناوبراو لە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ لە تاران لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەسبەسەر و دوای چوار ڕۆژ ئازاد کرابوو. نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر سوپای پاسداران دەستی بەسەر سەرجەم بەڵگەنامەکانی تۆماری سەکینە پەروانەدا گرت و سەرەڕای ئازادکردنی ئەم بەندکراوە سیاسییە بەڵگەنامەکانی نەگەڕێنراونەتەوە و ئەمەش وایکردووە لەگەڵ سەرەتاییترین شتەکانی ژیاندا، وەکوو کرێی خانوو، کارکردن، کڕینی سیمکارتی مۆبایل و هتد... تووشی کێشە ببێت.

سەکینە پەروانە، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧١٩، لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە، بەبێ بەهرەمەندبوون لە کەمترین مافی تۆمەتبار لە بەدواداچوونی تاوانکاری، سزای ٥ ساڵ بەندکران و قەدەغەکرانی لە چوونە ناو گرووپ و ڕێکخراوە سیاسییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ بەسەردا سەپێندرا و لە ١٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢دا کەوتۆتە ژێر لێبوردن و لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە