ڕێگریی دادگا لە چاوپێکەوتنی پەخشان عەزیزی لەگەڵ پارێزەرەکانی

٦ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٠:٤٣

هەنگاو؛ شەممە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

دادگای شۆڕشی تاران ڕێگریی لە چاوپێکەوتنی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ئێڤین لەگەڵ پارێزەرەکانی کردووە. پەخشان عەزیزی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و ماوەی سێ حەفتەیە کە لە پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٧ی جولای ٢٠٢٤)، ناوەندە ئەمنییەکانی. جێگیر بەندیخانەی ئێڤینی تاران، لە چاوپێکەوتنی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە لەگەڵ هەر دوو پارێزەرەکەی، مازیار تاتایی و ئەمیر ڕەئیسیان ڕێگرییان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عەزیزی، دادوەری چاودێری بەندیخانەکە پێیانی ڕاگەیاندووە کە "بە فەرمانی دادوەر ئیمان ئەفشاری، دادوەری لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران پەخشان عەزیزی لە مافی چاوپێکەوتن بێبەشە."

پەخشان عەزیزی لەم دواییانەدا لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای "ئەندامێتی لەو گرووپانەی کە دژ بە حکوومەتی ئیسلامی شۆڕشی چەکدارانەیان کردووە و ڕێبەرییەکەیان باغییە" سزای سێدارە و بە تۆمەتی ئەندامێتی لە "پژاک" سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە. دانیشتنی پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە لە ڕۆژانی ٨ و ٢٧ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بەڕێوە چووە و ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژ بڕیاری دادگا بە شێوەی فەرمی بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندراوە.

سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی لە حاڵێکدا بووە کە ناوبراو ماوەی چەند مانگە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرەکانی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە و دادگاییکردنی دۆسیەکەی لە پرۆسەیەکی ناڕوون و نادادپەروەرانەدا بەڕێوە چووە.

هەنگاو لەم دواییانەدا نامەیەکی پەخشان عەزیزی بڵاو کردبووەوە کە لەوێدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە چەندین جار ئەشکەنجە دراوە و هەڵواسراوە. ناوبراو هەروەها ماوەی دوو حەفتەیە کە لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی خەرازیی شاری تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣، لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین، ناسراو بە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە گواسترایەوە.

پێشتر هەنگاو بەپێی گێڕانەوە لە سەرچاوەکانی خۆی نووسیبووی کە هاوکات لەگەڵ ئەو بەندکراوە سیاسییە، چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەشی دەستبەسەر کرابوون کە دوای چەند ڕۆژ ئازاد کران.

شایەنی باسە کە، پەخشان عەزیزی ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٠٩، لە ڕەوتی کۆبوونەوەیەکی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە لەسێدارەدرانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەستبەسەر کرا و لە ئاکامدا، ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕەشەممەی ئەو ساڵە، دوای ٤ مانگ بەندکران بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

پەخشان عەزیزی دواتر بەهۆی گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان لە ئێران چووە دەرەوە و هاوکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی لەسەر بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، لەسەر چاکسازیی ئەو بارودۆخە لە بواری ئاریکاری کۆمەڵایەتیدا هەندێک هەنگاوی هەڵێنابۆوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە