دەستبەسەر کرانی سۆلماز حەسەنزادە لە بنەماڵە دادخوازەکان و سێ کەسی هاوڕێی

سۆلماز حەسەنزادە لە بنەماڵە دادخوازەکان و خوشکی مەحەممەد حەسەنزادە لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری بۆکان، لەگەڵ سێ کەسی دی

٦ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ٠٩:١٣


هەنگاو؛ پێنج شەممە ٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

سۆلماز حەسەنزادە لە بنەماڵە دادخوازەکان و خوشکی مەحەممەد حەسەنزادە لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری بۆکان، لەگەڵ سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی شەیدا ڕەزایی، سیمین خەیات و شیرین خەیات لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، سۆلماز حەسەنزادە خوشکی مەحەممەد حەسەنزادە لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری بۆکان لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە هاوڕێیانی بە ناوەکانی شەیدا ڕەزایی، شیرین خەیات و خوشکەکەی بە ناوی سیمین خەیات لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چوار هاووڵاتییە لە کاتێکدا کە لە شاری بۆکان بۆ شاری سەقز ڕۆیشتوون لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ئەوان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورتتدا هەواڵی دەستبەسەر کرانی خۆیان ڕاگەیاند.

شیاوی ئاماژە پێدانانە کە شیرین خەیات پزیشک و ئەندامی ئەنجوومەنی مامایانی ئێرانە.

تاوەکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی مانەوەی ئەم چوار ژنە کوردە لەبەر دەست نییە.

شایەنی باسە کە سۆلماز حەسەنزادە پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٤ی خەرمانان (٥ی سێپتەمبەر) لەگەڵ باوکی دەستبەسەر کرابوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە