سنە؛ بڕیاری دەستبەسەرکردنی دلێر سەلیمی جارێکی تر درێژ کرایەوە

١٢ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ٢٠:١٠

هەنگاو؛ دووشەممە، ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

بڕیاری دەستبەسەرکردنی دلێر سەلیمی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز، لە کاتێکدا کە پێنجەمین مانگی دەستبەسەرکرانی لە گرتووخانەی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنە بەسەر دەبات، جارێکی دیکە درێژ کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڕیاری دەستبەسەرکردنی دلێر سەلیمی، تۆمەتباری سیاسیی خەڵکی سەقز بە گوشاری ئیدارەی ئیتلاعات درێژ کرایەوە. ناوبراو لە ماوەی ١٣٩ ڕۆژی ڕابردوودا بە چارەنووسێکی تەواو نادیارەوە دەستبەسەرە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی دلێر سەلیمی، ئیدارەی ئیتلاعات لە درێژەی گوشارەکانی پێشووی خۆیدا، ئەم هاووڵاتییەی لە مافی هەبوونی پارێزەری هەڵبژێردراو و چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو بێبەش کردووە و ڕایگەیاندووە کە دەبێت بۆ "درێژەی لێکۆڵینەوە"، بگوازرێتەوە بۆ تاران.

دلێر سەلیمی، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (١٧ی ژوەنی ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و دوای چوار ڕۆژ هاوسەرەکەشی بەناوی ژیلا تەشەکوری دوای بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەستبەسەر دەکرێ. شایانی باسە تەواوی کەلوپەلە ئەلکترۆنییەکانی ئەم بنەماڵەیە، وەکوو مۆبایل و کۆمپیوتەر،دەستیان بەسەردا گیراوە.

لە کۆتاییدا ژیلا تەشەکوری ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن، لە بەندیخانە ئازاد کرا.

شایانی باسە کە دلێر سەلیمی لە ماوەی ئەم دواییانەدا ڕووبەڕووی تۆمەتگەلێک وەکوو، "هاوکاری لەگەڵ حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران"بۆتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە