بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی کارۆ عەلیداد، چالاکی مەدەنی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
کارۆ عەلیداد لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی شاری مەریوان کە هاوکات لەگەڵ مانگرتنی بەرفراوانی شارەکانی کوردستان بە نیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەستبەسەر کرابوو، تا ئێستاش بەبێ مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنەدا ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کارۆ عەلیداد، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی تەمەن ٢١ ساڵ ماوەی پازدە ڕۆژە کە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش چارەنووسی ناڕوونە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی کارۆ عەلیداد، ئەو چالاکە مەدەنییە تەنیا یەک پەیوەندیی کورتماوەی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لەو پەیوەندییەدا پێی ڕاگەیاندوون کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا دەستبەسەرە.
ئەو سەرچاوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە، "ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە پێشتر لە ڕەوتی کوژراندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان لە بەشی بڕبڕەی پشتیدا بریندار بووە و توانایی پێویست بۆ تێپەڕکردنی ماوەیەکی درێژی دەستبەسەربوونی نییە."
کارۆ عەلیداد ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٢ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر شوێنی کارەکەی لە مەریوان بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا.
شایانی باسە کە کارۆ عەلیداد جارێکی دیکەش لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٠ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو.