جێبەجێکردنی سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە
هەنگاو؛ هەینی ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی زابتەددین (عادل)، حاجی نەبیزادە و عەبدولڕەحمان حەبیبی، کە پێشتر بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە دۆسیەی جیاوازدا، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی زابتەددین (عادل)، خەڵکی سەڵماس، حاجی نەبیزادە و عەبدولڕەحمان حەبیبی، هەردووکیان خەڵکی ئورمیە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.
بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، زابتەددین (عادل) سێ ساڵ بەرلەئێستا بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان، حاجی نەبیزادە و عەبدولڕەحمان حەبیبییش پێشتر بە هەمان تۆمەت لە دۆسیەی جیاوازدا دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.
هەواڵی سێدارەدانی ئەم سێ بەندکراوە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لە ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان بەتایبەت کەناڵەکانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەریەوە، بڵاو نەکراوەتەوە.