جێبەجێکردنی سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی محەممەدڕەزا بەدەوی، ڕەزا مەولایی و مەهدی (ناووبانگ نادیار) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی محەممەدڕەزا بەدەوی، ٤٧ ساڵ، باوکی چوار منداڵ و خەڵکی گوندی «کووسی» سەر بە بەشی نازلووی ئورمیە، ڕەزا مەولایی، ٤٨ ساڵ و خەڵکی گوندی «قوڵنجی» سەر بە بەشی ئەنزەلی ئورمیە، و مەهدی (ناوبانگ نادیار)، خەڵکی ئورمیە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.
محەممەدڕەزا بەدەوی و ڕەزا مەولایی لە ٦سال بەرلەئێستا و مەهدی بەندکراوەکەی دیکە، پێشتر بە تۆمەتی هاوشێوەی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم بەندکراوانە لە ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان بەتایبەت، کاناڵە پەیوەندیدارەکان بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە، بڵاو نەکراوەتەوە.