زیادبوونی ژمارەی بەندكراوانی لەسێدارەدراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ دوو بەندكراو

١٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ١١:٤٥

هەنگاو؛ شەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

بە ئاشكرابوونی ناسناوی بەندكراوێكی دیكەی كورد بە ناوی هاوڕێ جەهان ئارا، كە سزای سێدارەكەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ كراوە، ژمارەی بەندكراوانی لەسێدارەدراو لەم بەندیخانەیە بۆ دوو كەس زیادی كردووە. پێشتر ناسناوی بەندكراوێكی دیكە بە ناوی شەهاب (شەمسەددین) عەباسی ئاشكرا كرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی ١٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندكراوێك بە ناوی هاوڕێ جەهان ئارا، خەڵكی سەردەشت و باوكی منداڵێک، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ كرا.

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئەم بەندكراوە دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو كە سزای سێدارەی بەندكراوێكی دیكەی كورد بە ناوی شەهاب عەباسی، تەمەن ٥٢ ساڵ و باوكی دوو منداڵ، خەڵكی گوندی “كای”سەر بە ناوچەی سیلوانای ئورمیە، لە هەمان رۆژ لەم بەندیخانەیە جێبەجێ كراوە. ئەم بەندكراوە ماوەی دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم دوو بەندكراوە تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حكوومەتییەكان بە تایبەت میدیاكانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە