پیرانشار: موحسین قادری بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە
هەنگاو؛ سێشەممە ٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣
موحسین قادری، خەڵکی شاری پیرانشار لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی کە دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکردنە، دەستبەسەر کرا و بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، موحسین قادری، تەمەن ٣٠ ساڵە و خەڵکی گوندی «گەزگەسک» سەر بە شاری پیرانشار، دوای بانگکرانی بۆ دادگا، دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە گواسترایەوە.
موحسین قادری پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی «ئەندامیەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» بە دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکردن سزا درابوو.
ئەم هاووڵاتییە کە لە دۆسییەکی تردا لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکان دووی شاری پیرانشار بە بەڕێوبەری ڕەزا قارەمانی ساعەتلوو بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» بە سێ مانگ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچی سزا درا، کەلە جێگەی بەندکردن سزاکەی کرا بە پێبژاردنی پەنجا ملیۆن ڕیاڵ.
موحسین قادری، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری پیرانشار دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە ٢٥ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا بە دانانی بارمتەی چوار ملیار تمەنی بۆ ماوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی دادگایی کردنەکەی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.