گواستنەوەی پەروین مووسەوی بۆ بەندی تاکەکەسیی بەندیخانەی ئورمیە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی و شۆڕش لە بەندی ژنان

٢٧ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٢:٣٤

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

ژنە بەندکراوێکی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە ناوی پەروین مووسەوی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ بەندی تاکەکەسیی ئەم بەندیخانەیە گواسترایەوە. هاوکات لەگەڵ گواسترانەوەی ئەم ژنە بەندکراوە بۆ بەندی تاکەکەسی، بەندکراوانی بەندی ژنان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و تێکهەڵچوون لە نێوان ئەو بەندکراوانە و هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەدا هاتووەتە ئاراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٦ی مەی ٢٠٢٤)، ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵ بە ناوی پەروین مووسەوی و خەڵکی شاری مەراغە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە کە پێشتر بەسەریدا سەپاوە، بۆ بەندی تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاتێک پەروین مووسەوی گواستراوەتەوە بۆ بەندی تاکەکەسی، بەشێک لە ژنان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و بەم هۆکارەشەوە شۆڕشی ژنانی ئەو بەندیخانەیە سەری هەڵداوە و بەشێک لە کەلوپەل و کەرەستەکانی ناو بەندیخانەیان سووتاندووە.

پەروین مووسەوی، چوار ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و دواتریش لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

ئەو هاووڵاتییە مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردووش جارێکی دیکە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ بەندی تاکەکەسی گواسترایەوە و دیسان بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گەڕێندراوەتەوە.

ئەم ژنە بەندکراوە لە بەندیخانەدا تووشی شێرپەنجە بووە و پێشتر باری تەندروستیی ناوبراو باش نەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە