جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ زیندانی و لەوانە ژنێک لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان و بەم

هەنگاو؛ چوارشەممە ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٥
سزای سێدارەی سێ بەندکراو لەوانە بەندکراوێکی ژن بە ناوەکانی جەیران زاهیری، موحەممەدڕەزا موحەممەدیی برنجەگانی و عەزیز قوربانیفەر، کە پێشتر بەهۆی تۆمەتگەلی وەکوو کوشتنی بە ئەنقەست و تاوانی پەیوەندیدار بە مادەهۆشبەرەکان دەسبەسەر کرابوون و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان و بەم جێبەجێ کرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤیی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٥(٢٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی ژن بە ناوی جەیران زاهیری و بەندکراوێکی دیکە بە ناوی موحەممەدڕەزا برنجەگانی، ٢٩ ساڵ و خەڵکی ئیسفەهان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان(دەستگرد) جێبەجێ کرا.
شایانی باسە جەیران زاهیری لە نۆ ساڵ لەوەپێشەوە بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینی خۆی و موحەممەد برنجەگانی لە حەوت ساڵ لەمەوبەرەوە بە تۆمەتی کوشتن دەسبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
لە لایەکی ترەوە ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤(٢٨ی سێپتەمبەری)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی عەزیز قوربانیفەر، ٣٠ ساڵ، خەڵکی ئاوایی «خونەک»ی شارستانی خفر سەر بە پارێزگای فارس لە بەندیخانەی ناوەندیی بەم سەر بە پارێزگای کرمان جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە پێشتر بە هۆی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادەهۆشبەرەکان دەسبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
جێی ئاماژەیە هەواڵی لە سێدارەدرانی ئەم سێ بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆڕتە، لە لایەن میدیا حکوومەتییەکانەوە بە تایبەت میدیاکانی پەیوەندیدار بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.