ڕاپۆرتێک سەبارەت بە جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی ١٢ بەندکراو لەوانە ژنێک لە بەندیخانەکانی ساری، ئیلام، کرماشان، خوڕەمئاوا، تەورێز و ئەسفەهان
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
سزای لەسێدارەدانی ١٢ بەندکراو لەوانە بەندکراوێکی ژن و سێ بەندکراوی کورد، دوو بەندکراوی لوڕ و دوو بەندکراوی تورک بە ناوەکانی تەها شێرزاد، کازمی فەرەجی نژاد، محەممەدکەرەم جەعفەری، هادی مۆئمێنی، شەهریار وەیسی، موختار عەتایی و بەهرام چەمەنی، بیوک ناموورزاد و فەرهاد کەریمزادە، مێهرداد سیاحی، عارف هاشمی و مەهناز ڕۆشەنی، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی ئەنقەست" و "تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان" لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەکانی ساری، ئیلام، کرماشان، خوڕەمئاوا، تەورێز و ئەسفەهان جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (١٠ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی مازەنیی خەڵکی ساری بە ناوەکانی تەها شێرزاد و کازم فەرەجی نژاد، تەمەن ٤٨ ساڵ و باوکی دوو منداڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ساری جێبەجێ کرا. ئەم دوو بەندکراوە هەر کامەیان لە نزیکەی سێ ساڵ پێشەوە لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو.
هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی کورد بە ناوی محەممەدکەرەم جەعفەری، خەڵکی سەرپێڵی زەهاو کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا.
لە لایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٨ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی هادی مۆئمێنی و شەهریار وەیسی تەمەن ٢٤ ساڵ، هەردووکیان بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) جێبەجێ کرا. ئەم دوو کەسە سێ ساڵ پێش ئێستا دەستبەسەر و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو.
هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٧ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی لوڕ بە ناوەکانی موختار عەتایی، خەڵکی ئەلیگوودەرز و بەهرام چەمەنی، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی خوڕەمئاوا، لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا جێبەجێ کرا. موختار عەتایی لە نزیکەی چوار ساڵ پێشەوە بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و بەهرام چەمەنیش لە نزیکەی دوو ساڵ پێشەوە بە تۆمەتێکی هاوشێوە دەستبەسەر و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو.
لەم پێوەندییەدا، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٣ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی تورک بە ناوەکانی بیوک ناموورزاد، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی تەورێز و فەرهاد کەریمزادە، تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی هەشتڕوودی سەر بە تەورێز، لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کرا. بیوک ناموورزاد لە نزیکەی پێنج ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی کوشتن و فەرهاد کەریمزادەش لە حەوت ساڵ پێشەوە بە هەمان تۆمەت دەستبەسەر و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو.
لە درێژەی شەپۆلی لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییانەدا، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٣١ی جانیوەریی ٢٠٢٦)، سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی مێهرداد سیاحی، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی شاهینشار، عارف هاشمی، خەڵکی خومەینیشار و مەهناز ڕۆشەنی، خەڵکی شاهینشار، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەسفەهان (دەستگرد) جێبەجێ کرا. مێهرداد سیاحی لە نزیکەی چوار ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی کوشتن و عارف هاشمیش بە هەمان تۆمەت دەستبەسەر کرابوون؛ سەبارەت بە مەهناز ڕۆشەنی هێشتا ڕوون نییە کە دۆسیەکەی لە چ پێوەندییەکدا بووە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە لە میدیا حکومەتییەکان و بەتایبەت میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیەندراوە.