ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی شەش بەندکراو لەوانە ژنێک لە بەندیخانەکانی کرماشان، کرمان، مەشهەد و کاشان

٩ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ١٠:٤٤

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۸ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵

سزای سێدارەی شەش بەندکراو بریتی لە بەندکراوێکی ژن بەناوەکانی سەعید پیری، ئەحمەدڕەزا شەریفی، سامان دلێری، کەتایوون شەمسی، سەمەد ئاغاحوسێنی و پەیمان ڕۆستەمی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە «ماددە هۆشبەرەکان» و «کوشتنی بە ئەنقەست» دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەکانی کرماشان، کرمان، مەشهەد و کاشان جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ۸ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵ (۳۰ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بەناوی سەعید پیری، خەڵکی کرماشان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.س

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۷ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵ (۲۹ی ئۆکتۆبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی ئەحمەدڕەزا شەریفی لە بەندیخانەی ناوەندیی کرمان جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هاوکات و لە هەمان ڕۆژدا، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بریتی لە بەندکراوێکی ژن بەناوی کەتایوون شەمسی و سامان دلێری، کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی وەکیل ئابادی مەشهەد جێبەجێ کرا.

لە لایەکی دیکەوە، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ۴ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵ (۲۶ی ئۆکتۆبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی سەمەد ئاغاحوسێنی، تەمەن ۳۲ ساڵ و خەڵکی کاشان، لە بەندیخانەی کاشان جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئەو بەندکراوە چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان واتا «هەڵگرتنی ۷۰ کیلۆ شیشە و هێرۆیین» دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.س

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ۳۰ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۲۲ی ئۆکتۆبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بەناوی پەیمان ڕۆستەمی خەڵکی کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (بەندیخانەی دیزڵئاوا) جێبەجێ کراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە