ڕاپۆرتێک لەسەر لەسێدارەدانی هاوژینێکی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانەی ناوەندیی قەزوێن

هەنگاو؛ شەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی ژن و مێردێکی خەڵکی ئەفغانستان بە ناوەکانی حەدیقە ئابادی و یوونس مەزار شەمس، کە پێشتر بە هۆی تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە ماددە هۆشەبەرەکانەوە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی قەزوێن ( بەندیخانەی چوبین دەر) جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (١١ی سێپتەمبری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی ژن و مێردێکی بەندکراو بە ناوەکانی حەدیقە ئابادی و یوونس مەزار شمەس، ٤٦ ساڵە، هەردووکیان خەڵکی هەراتی ئەفغانستان و دانیشتووی تاڵەقانی کەرەج، لە بەندیخانەی ناوەندیی قەزوێن جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەچاوە ئاگادارەکان، ئەم دوو بەندکراوە لە چوار ساڵ پێشەوە بە هۆی تۆمەتی پەیوەندیدار ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.
شایانی باسە کە ئەم ژن و مێردە کە ٢٠ ساڵ لە ئێران ژیانیان دەکرد، لەگەڵ سێ منداڵەکانیان دەستبەسەر کرابوون و منداڵەکانیان چەند مانگ پاش دەستبەسەر کران ڕادەستی حکوومەتی ئەفغانستان کراونەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لە سێدارە دانی ئەم دوو بەندکراوە لە میدیاکانی حکوومەتی بە تایبەت میدیاکانی پەیوەندیدار بە دەزگای دادوەریی بڵاو نەکراوەتەوە.