بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی ئەفسانە شاهی بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە

١٢ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٠٨:٣٤

هەنگاو؛ شەممە ١٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری بۆکان، هاووڵاتییەکیان بەناوی ئەفسانە شاهی لەگەڵ هەڕەشە و کێشانی چەک بە ڕووی بنەماڵەکەی، دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٣٠ی مەی ٢٠٢٤)، ئەفسانە شاهی، شاخەوانی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی بۆکان لە ئەنجامی هێرشی چەکداریی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بەبێ بەڵگەی دادوەری و بە شێوەیەکی دڕندانە چوونەتە ماڵی بنەماڵەی ئەفسانە شاهی و چەکیان بە ڕووی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە و میوانەکانیان ڕاگرتووە.

ئەفسانە شاهی، دوای دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەک لەسەر تەندروستی، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی و دۆخی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە