بەردەوامیی دەستبەسەرکران و نادیاریی چارەنووسی کەژاڵ موبارەکی و جەمال ئەحمەدزادە دوو هاوژینی توێژەری زانستە پزیشکییەکانی زانکۆی ئورمیه
هەنگاو؛ سێشەممە ۱۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ لە کاتی دەستبەسەرکرانی، کەژاڵ موبارەکی تەمەن ۴۰ ساڵ، خەڵکی دێولان و هاوژینەکەی بە ناوی جەمال ئەحمەدزادە خەڵکی مەهاباد، لە توێژەرانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئورمیە، هێشتا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە دەستبەسەرن و دۆسیەکەیان نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم دوو هاوژینە توێژەرەی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئورمیه سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ لە دەستبەسەرکرانیان، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و یەکلاییکردنەوەی دادوەریی دۆسیەکەیان بێبەش کراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کەژاڵ موبارەکی و جەمال ئەحمەدزادە کە هەردووکیان دانیشتووی ئورمیەن، زیاتر لە یەک مانگه لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواستراونەتەوە. تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ناوەندی دەستبەسەرکەر و تۆمەتە پاڵدراوەکان دژی ئەم دو هاووەڵاتیە لەبەر دەستدا نییە.
ئەم دوو هاوژینە گەنجە کە دەیان وتاری پزیشکی و توێژینەوەییان لە بڵاڤۆکە جیاوازەکاندا بڵاو کردووەتەوە، هەروا بە نادیاریی چارەنووسەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیه ڕاگیراون.
جێگای ئاماژەیە کە، برایەکی کەژاڵ موبارەکی بە ناوی ئەیووب موبارەکی لە ساڵی ۲۰۲۴دا لە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گیانی بەخت کردووە.