سنە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی سوهەیلا موتاعی بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی
هەنگاو؛ یەکشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
سوهەیلا موتاعی ، چالاکی مافەکانی ژنان و خەڵکی دێولان کە پێشتر چەندین جار بە هۆی چالاکییە مەدەنییەکانییەوە دەستبەسەر کرابوو، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١٣ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، سوهەیلا موتاعی دوای بانکران و سەردانکردنی بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای شاری دێولان دەستبەسەر کرا و ڕاستەوخۆ بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە.
سوهەیلا موتاعی لە دوایین دۆسیەکەیدا کە پەیوەست بوو بە بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژن (٨ی مارس)، لە سەرماوەزی ٢٧٢٥ لەلایەن دادگای تاوانەکانی دێولانەوە بە تۆمەتی «بانگەشە دژی نیزام و بڵاوکردنەوە لە میدیاکانی دەرەوەی ئێران» بە کۆی گشتی ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری و ٣ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا درا. ئەم سزایە لە کاتێکدا دەرکرا کە دەزگای دادوەری دەرفەتی بەرگریکردنی کاریگەری لێ سەندبووەوە و بەرپرسە دادوەرییەکان بە ڕاشکاوی پێیان ڕاگەیاندبوو کە ڕێگەی تۆمارکردنی ناڕەزایەتی یان داوای پێداچوونەوەی پێ نادرێت.
جێی ئاماژەیە کە، ئەم چالاکەی بواری مافەکانی ژنان پێشتر لە ژوئەنی ٢٠٢٥ (جۆزەردانی ٢٧٢٥)، لە دۆسیەیەکی جیادا لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی دێولانەوە بە تۆمەتی «بانگەشە بە قازانجی گرووپەکان یان ڕێکخراوەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی» بە ٣ مانگ بەندکرانی تەعزیری و ٣ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا درابوو.
سوهەیلا مەتاعی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤، دوای بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژن لە سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە دێولان دەستبەسەر کرا و دوای هەفتەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. ناوبراو هەروەها لە کاتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا دوو جار دەستبەسەر کرابوو و بە کۆی گشتی ٦٠ مانگ بەندکران سزا درابوو کە دوای تێپەڕاندنی چەند مانگێک لە بەندکرانەکەی، مەشمولی لێخۆشبوونی بوو و ئازاد کرابوو.