سنه؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی مۆنا مەلەکی لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە

٣٠ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ١٦:٠٤

هەنگاو؛ سێشەممە ۳۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۶

مۆنا مەلەکی، هاووڵاتیی تەمەن ۲۷ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کە میدیا حکومەتییەکان بە "ناوەندی پەروەردە و چاکسازیی سنە" نێوی دەبەن، گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۲۳ی پووشپەڕی ۲۷۲۶ (۱۴ی جولای ۲۰۲۶)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەی مۆنا مەلەکی لە شاری سنە و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مۆنا مەلەکی دوای دەستبەسەرکران، بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە و لەژێر گوشار و لێپرسینەوەدا داندراوە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک حەوتوو لە کاتی دەستبەسەرکرانی مۆنا مەلەکی، ناوبراو تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی بەردەوام لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە