سنە؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و نادیاریی چارەنووسی مۆنا مەلەکی لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە
هەنگاو؛ هەینی ۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو حەوتوو لە کاتی دەستبەسەرکرانی، مۆنا مەلەکی، هاووڵاتیی تەمەن ۲۷ ساڵی خەڵکی سنە، بە چارەنووسێکی نادیارەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە، بەسەر دەبات.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۲۳ی پووشپەڕی ۲۷۲۶ (۱۴ی جوولای ۲۰۲۶)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ پێشکەشکردنی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەیی مۆنا مەلەکی لە شاری سنە و دەستبەسەریان کردووە.
مۆنا مەلەکی دوای دەستبەسەرکران، ڕاستەوخۆ بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە (کە ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان بە ناوی «ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە» ناوی دەبەن) گواستراوەتەوە و لە بارودۆخێکی سەختدا، کەوتووەتە ژێر گوشار و لێپرسینەوە.
دوای تێپەڕبوونی ۱۷ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی، ئەم هاووڵاتییە تەمەن ۲۷ ساڵە هەروا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو، دەرفەتی چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو و پەیوەندیی تەلەفۆنیی بەردەوام لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، تۆمەتە پاڵدراوەکان بۆ دەستبەسەرکردنی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.