مەهاباد؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی نیگار پەرویزنیا و بەردەوامیی دەستبەسەرکران و نادیاری چارەنووسی کازیوە پەرویزنیا لە بەندیخانەی ئورمیە

٨ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ١٨:١٢

هەنگاو؛ دووشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٦

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر دەستبەسەرکرانی کازیوە پەرویزنیا و برازاکەی نیگار پەرویزنیا، دوای تێپەڕاندنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە و دۆسیەسازیی ئەمنی، کازیوە پەرویزنیا بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوەتەوە و هێشتا لە دۆخێکی نادیار بەسەر دەبات. نیگار پەرویزنیا دوای ئەوەی کازیوە خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات ناساندووە ئازاد کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١٢ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەیی کازیوە پەرویزنیا و بە هۆی نەبوونی ناوبراو لە ماڵەوە، برازاکەی، نیگار پەرویزنیا برازای کازیوەیان وەک بارمتە دەستبەسەر کردووە. ناوەندە ئەمنییەکان دواتر بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە ئازادیی نیگار بەستراوەتەوە بە خۆڕادەستکردنی کازیوە. لە پاش ئەم گوشارانە، کازیوە پەرویزنیا دوای سەردانکردنی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کراوە و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە گواستراوەتەوە.

هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە، دەزگای دادوەری و ئەمنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کازیوە پەرویزنیایان بە تۆمەتی «فیلمگرتن لە کاتی شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران» خستووەتە ژێر لێپرسینەوە. ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەیەکی نهێنیدا، بە پێکهێنانی دۆسیەیەکی ئەمنی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیه گواستراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە