بەندیخانەی کامێران؛ بێبەشکردنی کەماڵ لوتفی، باوکی دادخوازی ڕەزا لوتفی لە مافی پەیوەندی گرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی

١٦ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١١:١١

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

کەماڵ لوتفی لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانبەختکردوودانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، کە دووهەمین مانگ لە دەستبەسەربوونی تێپەڕ دەکات، بە فەرمانی بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی کامێران لە مافی پەیوەندی گرتن و چاوپێکەوتن بێبەش کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، کەماڵ لوتفی، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی دێولان و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان، لە بەندیخانەی کامێران لە مافە سەرەتاییەکانی خۆی بێبەش کراوە و وەرگرتنی ئازادی کاتیی ناوبراو ناڕوونە.

ئەو باوکە دادخوازە کۆتاییەکانی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، دوای یەک مانگ لێپرسینەوە و لە بێدەنگی چڕدا، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کامێران گواسترایەوە.

کەماڵ لوتفی کە لە ماوەی دەستبەسەرکرانی ڕابردوویدا تووشی نەخۆشیی پێستی سەدەفی (پسۆریازیس) ببوو، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ دادگای شۆڕشی شاری قوروە بۆ دووەمین جار دەستبەسەر کراوە.

ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دێولان بە تۆمەتی"چالاکیی تەبلیغی دژ بە نیزام" سزای یەک ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە خامنەیی" سزای ٢ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە خومەینی" سزای ٢ ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە قورسترین سزای ناوبراو، بەرامبەر لەگەڵ ٢ ساڵ بەندکرانە.

ڕەزا لوتفی لاوی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی دێولان، لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" و لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە تایبەتییەکانی ڕژێم کوژرا.

هەنگاو لە ڕاپۆرتەکانی پێشووی خۆیدا، لەسەر ئەوەیکە کەماڵ لوتفی بەردەوام دوای کوژرانی کوڕەکەی، لەژێر گوشاری ناوەندە حکومتییەکاندا بووە پێداگری کردووە. ئەو ئەندامە لە بنەماڵە دادخوازەکان، لە وەڵامی بانگەشەی ناوەندە حکومەتییەکان سەبارەت بەوەیکە کوڕەکەی لەلایەن "دژبەرانی شۆڕش"ەوە کوژراوە، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لەگەڵ ڕەتکردنەوەی ئەو بانگەشەیە ڕایگەیاندبوو کە منداڵەکەی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژراوە.

شایەنی باسە کە، پێشتر لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣دا کەماڵ لوتفی، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری دێولان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و بۆ بەندیخانەی کامێران گواسترابووەوە.

ئەو باوکە دادخوازە لە ئاکامدا دوای تێپەڕکردنی ٧٨ ڕۆژ دەستبەسەربوون، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی کامێران ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە