بۆکان؛ مامۆستا محەممەد خزرنەژاد لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد کەسایەتیی ئایینی خەڵکی شاری بۆکان کە لە کاتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کرا، لەلایەن دەزگای دادوەریی ک

٢١ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٩:٢٢

 

هەنگاو؛ شەممە ٢١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد کەسایەتیی ئایینی خەڵکی شاری بۆکان کە لە کاتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کرا، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی «فساد فی الارض» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕابردوودا مامۆستا محەممەد خزرنەژاد کەسایەتی ئایینی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی بۆکان لەلایەن لقی سێی دادگای شۆرشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە بە تۆمەتی فساد فی الارض سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و بە تۆمەتی زیان گەیاندن بە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی وڵات، سزای ١٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی پرۆپاگەندە دژی نیزام سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

دانیشتنی دادگای مامۆستا محەممەد خزرنەژاد لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بووە و ئەم چالاکە ئایینیە کە زیاتر لە یەک ساڵە لە بەندیخانە دەستبەسەرە مافی هەبوونی پارێزەری نەبووە و بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەکەی، ئەم سزایە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات بەسەریدا سەپێندراوە و دادوەرەکە ئامادە نەبووە مافی بەرگری بە مامۆستا محەممەد بدات.

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد ڕۆژی شەممە ٢٨ی گەڵارێزانی ٢٧٢٢ (١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە بەکارهێنانی توندوتیژی و هاوکات لەگەڵ کورەکەی بە ناوی یاسر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵی خۆی دەستبەسەر کرا. ن ناوبراو بۆ ماوەی ١٠٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە ژێر ئەشکەنجەی لەڕادەبەدەر ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ و دژی خۆی کراوە، کورەکەی لە دوای چەند ئازاد کرا.

دەستبەسەرکرانی مامۆستا محەممەد خزرنەژاد لە دوای ڕێوڕەسمی یادی ئەسعەد ڕەحیمی یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بووە کە ناوبراو لەم ڕێوڕەسمە لە مزگەوتی ئیفتخاری بۆکان وتاری پێشکەش کردبوو و ڕەخنەی لە شێوازی هەڵسوکەوتی حکوومەت لەگەڵ خۆپیشاندەران گرتبوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە