ڕەزا بەبرنەژاد ئەندامی بنەماڵەی دادخوازان جارێکی دیکە دەستبەسەرکرا

١٧ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٣:٣٧

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

ڕەزا بەبرنەژاد، هاووڵاتی کورد و خەڵکی قووچان، یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان و برای مەهدی بەبرنەژاد لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، بۆ جاری دووەم لەماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوو و پێنج ڕۆژ دوای ئازادی کاتی، دەستبەسەرکرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٦ی ژوئەنی ٢٠٢٤) ڕەزا بەبرنەژاد ئەندامی بنەماڵەی دادخوازان و برای مەهدی بەبرنەژاد لە گیانبەختکردووان بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بۆ جاری دووەم لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر بۆ بەندیخانەی قووچان گواستراوەتەوە.

ڕەزا بەبرنەژاد ڕۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٤، دوای ١٣ ڕۆژ ڕاگیران لە بەندیخانەی شاری قووچان بەدانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

پێشتر، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٠ی مەی ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری قووچان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ڕەزا بەبرنەژاد، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و ناوبراویان بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بەبێ نیشاندانی بەڵگەی دادوەری دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.

هەنگاو لە ڕاپۆرتی پێشووی خۆیدا باسی کردبوو کە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا، ڕەزا بەبرنەژادیان لە پەیوەندی لەگەڵ کوژرانی ئیبراهیم ڕەئیسی و بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر کردووبوو.

شایەنی باسە کە ڕەزا بەبرنەژاد ساڵی ڕابردوو لە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) و لە نزیکیی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی براکەی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای قووچان سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی دەستبەسەر کرابوو.

مەهدی بەبرنەژاد، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی قووچان، لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانی لەدەستدا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە