دەستبەسەرکردنی ڕەزا بەبرنژاد، ئەندامی بنەماڵەیەکی دادخوازی کوردەکانی خۆراسان

ڕەزا بەبرنژاد، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری قووچان لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی و برای مەهدی بەبرنژاد، یەکێک گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی

٢١ گەلاوێژ ٢٧٢٣، ١٤:١٨


هەنگاو: شەممە، ٢١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣

ڕەزا بەبرنژاد، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری قووچان لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی و برای مەهدی بەبرنژاد، یەکێک گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی هەینی، ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، ڕەزا بەبرنژاد، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری قووچان لە خۆراسان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە و شووشە و دەرگا و دەلاقەی ماڵەکەیان شکاندووە و پاشانیش ناوبراویان دەستبەسەر کردووە، هاوکات دەستیان بەسەر کۆمەڵێک کەلوپەلی تاکەکەسیی "ڕەزا"دا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

دەستبەسەرکردنی ڕەزا بەبرنژاد لە کاتێکدا بوو کە ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی مەهدی، برای گیانبەختکردووی ناوبراوە. تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ڕەزا بەبرنژاد و هەروەها شوێن و بارودۆخی ڕاگیرنی لە بەردەستدا نییە.

شایانی باسە کە مەهدی بەبرنژاد، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری قووچان و تەمەن ٢٢ ساڵ، لە ٣٠ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت کوژرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە