سنە؛ سومەیە شەفیعی، خوێندکاری زانکۆ بەهۆی گوشار و هەڕەشەی بەرپرسانی زانکۆ هەوڵی خۆکوشتنی دا

٢٢ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٠٨:٤٨

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

سومەیە شەفیعی، خەڵکی سنە و خوێندکاری تێرمی کۆتایی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان، لە دوای گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی بەڕێوەبەری گرووپ و بەرپرسی زانکۆی تەندروستی هەوڵی خۆکوشتنی دا. بارودۆخی ئەو خوێندکارە بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٠ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، سومەیە شەفیعی، تەمەن ٢٤ ساڵ و خوێندکاری بواری ئەندازیاری تەندروستیی ژینگە، لە سەر بینایەکی نیوە کارە لە دەوروبەری زانکۆی تەندروستیی سنەوە خۆی بەرداوەتەوە و بەو شێوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

بەوتەی یەکێک لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە، سومەیە شەفیعی لەسەر خولی فێرخوازی لەگەڵ بەڕێوەبەری گرووپی بواری ئەندازیاریی تەندروستییدا کێشە و ناکۆکییان بووە و دوای ئەوە لەلایەن سەرۆکی زانکۆ بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ئەو تێرمە لە خوێندنەکەی لەژێر گوشار داندراوە.

سومەیە شەفیعی ئێستا بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و دوایین بارودۆخی ناوبراو بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە