فەرزانه ڕەشیدی خوێندکاری خەڵکی شاری بانه بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا

هەنگاو؛ یەکشەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٥
فەرزانه ڕەشیدی، تاوانباری سیاسی کە دوو مانگ پێش لەگەڵ هاوژینەکەی سامان کەریمی، بەندکراوی سیاسی پێشوو که سزای سێدارەشی بەسەردا سەپابوو، دەستبەسەر کرابوو و لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی و تا تەواوبوونی پڕۆسەی دادگایی کردنەکەی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٢٧ی جوڵای ٢٠٢٥)، فەرزانه ڕەشیدی، تەمەن ٢٦ساڵ و خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری بانه دوای دوو مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەی یەک ملیار و پێنسەد میلیۆنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.
فەرزانه ڕەشیدی، سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی شاری بانه بۆ بەندیخانەی سەقز و سامان کەریمی بۆ بەندیخانەی ناوەندی بانه گواسترانەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٤ی. جۆزەردانی٢٧٢٥ (٢٥ی مەی ٢٠٢٥)، سامان کەریمی و فەرزانه ڕەشیدی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
هێزە ئەمنییەکان بە توندووتیژیەوە، سەرەتا سامان کەریمیان لە یەکێک لە کۆڵانەکانی شاری بانه دەستبەسەر کردووە و دوایەش بە هێرش بۆ ماڵەکەی فەرزانه ڕەشیدیشیان دەستبەسەر کردووە.