ئاتنا فەرقدانی، کارتۆنیستی خەڵکی تاران سزای شەش ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٢٢ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٨:٠٥

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

ئاتنا فەرقدانی، کاریکاتۆریستی بەندکراو لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرجەم سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئاتنا فەرقدانی لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان" سزای ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

محەممەد موقیمی، پارێزەری ئاتنا فەرقدانی لە لاپەڕەکەی خۆی هاوکات لەگەڵ پێداگریکردن لەسەر شانۆیی بوونی دادگاکە، ڕایگەیاندووە کە: "دادگا بە بیانووی هەژماری سزاکان، سەختترین سزای لەو دوو تۆمەتەدا کە ئاماژەیان پێکرا لەبەر چاو گرتووە."

ئاتنا فەرقدانی، بەندکراوی سیاسی پێشوو، ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە کاتی هەڵواسینی یەکێک لە کارەکانی لەسەر دیوارێک لە شەقامی پاستۆری تاران بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا.

ناوبراو مانگی گەلاوێژی ساڵی ٢٧١٤ بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران" و "سووکایەتیکردن بە پەرلەمانتاران لە ڕێگای کێشانەوەی کاریکاتێر" سزای ١٢ ساڵ و ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

سزای بەندکرانی ئەو هونەرمەندە کارتۆنیستە، دوای نزیکەی دوو ساڵ لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ١٨ مانگ کەم کرایەوە و ناوبراو، لە ئاکامدا مانگی بانەمەڕی ٢٧١٦ لە بەندیخانە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە