پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە لایەن دیوانی باڵای ئێران

١٩ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٨:١٠

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە لایەن دیوانی باڵای دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە. پارێزەرەکانی ئەو چالاکە سیاسییە پێشتر بە ئاماژەکردن بە دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنییەکان سەبارەت بە ئەگەری بێبەریکرانی ناوبراو لەدوای داوای پێداچوونەوەی نیگەرانیی خۆیان دەربڕیبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.

ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە کوتویەتی لقی دیوانی باڵا "بەبێ هیچ سەرنجدانێک بە کێشە جۆراوجۆرەکانی دۆسیەکە" سزای سێدارەی پەخشان عەزیزیی پشتڕاست کردووەتەوە و پێداگری کردووە کە "ئەو شێوە سزایە، لە بنەڕەتدا لە دژایەتی لەگەڵ ڕەوتی دادوەریی ئێران، ئەو سزایانەی پێشتر تەنانەت لە لایەن هەمان لقی دیوانی باڵای وڵاتەوە سەپێندراون و سیاسەتە دادوەرییەکانی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ سزاکانی لێ‌سەندنەوەی ژیاندایە."

ئەو پارێزەرە نووسیویەتی "دیوانی باڵای وڵات وەڵامی هیچ یەک لەو کێشانەی کە لە دۆسیەی پەخشان عەزیزیدا بوونی نەداوەتەوە و هیچ سەرنج و گرینگییەک بە کێشەکانی ئەو دۆسیە وەکوو کێشە بنەماییەکانی نەدراوە."

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە: "لە لێکۆڵینەوەکاندا بە ڕەخنە و کەم‌وکوڕییەکان گرینگی نەدراوە، ئەو بەڵگانەی دەیسەلمێنن دۆسیەی پەخشان عەزیزی شیاوی سەپاندنی سزای سێدارە نییە و چالاکییەکانی لە ڕۆژئاوا لە کەمپی ئاوارەکانی شنگاڵ و کەمپی ئاوارەکانی دیکەی شەڕی داعش چالاکییەکی ئاشتی‌خوازانە بووە کە لە بنەماوە هۆکارێکی سیاسیی نەبووە و بەمەبەستی ئاریکاری و گەیاندنی یارمەتی بە ئاوارەکانی هێرشەکانی داعش بووە، لەبەر چاو نەگیراون."

پەخشان عەزیزی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، بە تۆمەتی"بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو دواتر لە لقی سێی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئێڤین لەگەڵ کردنەوەی دۆسیەیەکی دیکە لەژێر ناوی "ئاژاوەنانەوە لە بەندیخانە" ڕووبەڕوو کرایەوە و سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

شایانی باسە کە، پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی خەرازیی تاران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ناسراو بە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعات بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گواسترابۆوە.

ناوبراو ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٠٩، لە ڕەوتی کۆبوونەوەیەکی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە لەسێدارەدرانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەستبەسەر کرا و لە ئاکامدا، ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕەشەممەی ئەو ساڵە، دوای ٤ مانگ بەندکران بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

پەخشان عەزیزی دواتر بەهۆی گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان ئێرانی بەجێهێشت و هاوکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی لەسەر بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، لەسەر چاکسازیی ئەو بارودۆخە لە بواری ئاریکاری کۆمەڵایەتیدا هەنگاوی هەڵێناوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە