سێ هاووڵاتی کورد و بەلووچ لەوانە ژنێک سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٥
نەسیمە ئیسلام زەهی، هاووڵاتیی بەلووچ، و هاوژینەکەی ئەرسەلان شێخی، هاووڵاتی کورد و خەڵکی سەردەشت، لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە بە ناوی حەسەن، لە بەندکراوانی مەزهەبی لە کەیسێکی هاوبەشدا و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی «دژایەتی خوا» (موحاربه) سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ (٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥)، نەسیمە ئیسلام زەهی، بەندکراوی مەزهەبی لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین، و هاوژینەکەی ئەرسەلان شێخی لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە بە ناوی حەسەن، هەر دوو بەنکراو لە بەندیخانەی ئێڤین، لە کەیسێکی هاوبەشدا لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی، بە تۆمەتی «دژایەتی خوا» لە ڕێگای «ئەندامێتی لە گروپی داعش» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.
ئەم سێ بەندکراوە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک تۆمەتباری دانانوەی بۆمب لە پاسێکی گواستنەوەی سەرنشین لە ڕێگای تاران بۆ ئیلام لە خەرمانانی ٢٧٢٣ ناسێندراونکە بووە هۆی مردنی منداڵێکی ١٨ مانگە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم بەندکراوانە لە کۆبوونەوەی پێداچووەنەوە بە کەیسدا، ئەم تۆمەتەیان ڕەت کردۆتەوە.
شایانی باسە کە نەسیمە ئیسلام زەهی لە کاتی دەستبەسەر کران دووگیان بووە و پاش حەوت مانگ، منداڵە کچەکەی بە ناوی تەسنیم لە بەندیخانە بە دنیا هێناوە و پاش لەدایک بوون، دایک و منداڵ بۆ ماوی ٤٠ ڕۆژ لە ژوورێکی تاکەکەسی لە دۆخێکی ناجێگیردا، بە بێ هەواگۆڕکێ و ڕووناکی گونجاو لە ژێر چاوەدێریدا بوونە و پاشان بۆ ژووری قەرەنتینە گواسترابوونەوە.
ئەم سێ هاووڵاتییە لە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٦ی سێپتەمبری ٢٠٢٣)، لە شاری مەلاردی پارێزگای تاران لە لایەن هێزەکانی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و لە ڕاستای لێپرسینەوە بۆ زاهدان گواسترابوونەوە.