سەپاندنی سزای شەش مانگ بەندکرانی دیکە بەسەر وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد

٢٣ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ٢٢:٠٠

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۳ی بانەمەری ۲۷۲۶

وریشە مورادی، چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سنە و بەندکراو لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤینی تاران، بەهۆی نووسینی نامەیەک لە ساڵڕۆژی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" سزای شەش مانگ بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد و لە ئەندامانی کەژار (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، لە دۆسیەیەکی نوێ بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" لە ڕێگای نووسینی نامە لە ساڵڕۆژی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە بە دۆسیەی پێشوو و دۆسیەکانی لەژێر پێداچوونەوەی ناوبراو زیاد کراوە.

کەمپەینی ئازادی وریشە مورادی لەم بارەوە نووسیویەتی کە،  بەڵگەی تاوانباربوونی ناوبراو بە نووسینی چەند نووسراوە لە ساڵڕۆژی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ڕاگەیەندراوە. ئەو بەندکراوە سیاسییە حەوتووی پێشتر لەو سزا نوێیەی بەسەریدا سەپێندراوە، ئاگادار کراوەتەوە.

وریشە مورادی پێشتر لە لایەن لقی ۱۵ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبولقاسم سەڵەواتی" بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە لە لایەن لقی ۹ی دیوانی باڵای ئێران بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان ڕەت کرایەوە و بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە بۆ لقی ۱۵ی دادگای شۆڕشی تاران گەڕێندرایەوە.

وریشە مورادی لە دۆسیەیەکی هاوبەش لەگەڵ چوار بەندکراوی سیاسی دیکەی بەندیخانەی ئێڤین، لە لایەن دادگای تاوانەکانی دووی کۆمەڵگەی دادوەریی قودسی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبولفەزل عامیری شەهرابی" سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ساڵی ۲۷۲۳، دوای پێنج مانگ بەندکران لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین، بۆ بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە گواسترایەوە. ناوبراو لە کۆتاییەکانی گەلاوێژی ساڵی ٢٧٢٣، دوای لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین گواسترابۆوە.

وریشە مواردی، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (یەکی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، لە ڕێگای مەریوان بۆ سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ڕفێندرا. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا بە سەختی لێی درابوو و بەبێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ دەستبەسەرگە گواسترابۆوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە