ڕەشت؛ شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری بە تۆمەتی بەغی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا

١٤ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٢١:٢٢

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری کە ٧ مانگ پێشتر دەستبەسەر کرابوو و ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی لاکانی ڕەشت (بەندیخانەی ناوەندیی ڕەشت) دەستبەسەرە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری و خەڵکی ڕەشت لەم دواییانەدا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ڕەشت بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەحمەد دەرویش گۆفتار و مەهدی ڕاسخ بە تۆمەتی "بەغی" لەڕێگای ئەندامبوون لە لیژنەی هاوئاهەنگی بەمەبەستی پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و "نزیکبوونی ئەو ڕێکخراوە لە حیزبی کۆمەڵە" و بەپشتبەستن بە ماددەی ٢١١ و ٢٨٧ی یاسای سزای ئیسلامی کە لە ساڵی ٢٧١٣ پەسەند کراوە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ئەو بەڵگانەی کە دەستی هەنگاو کەوتووە، ئەو سزایە بەشێوەی فەرمی بە پارێزەری شەریفە محەممەدی ڕاگەیەندراوە و ٢٠ ڕۆژ دوای دەرکردنی ئەو سزایە داوای پێداچوونەوەیە بەو بڕیارە لە دیوانی باڵای وڵاتدا ڕێگەپێدراوە.

هەروەها لەو بەڵگانەدا هاتووە کە، "ڕێکخراوی ئیتلاعاتی وڵات وەکوو کارناسێک بۆ ناساندنی ئەندامانی گرووپەکان تەنیا سەرچاوەی شارەزا و بڕواپێکراوی ئێمەیە و تەواوی ڕاپۆرتەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای گیلان و هەروەها ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای سنە پاشکۆی دۆسیەکەن و تۆمەتبار بە ئەندامی گرووپی کۆمەڵە و لیژنەی هاوئاهەنگی دەناسێنن." کە ئەوە بەتەنیایی سەلمێنەری سەربەخۆ نەبوونی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەڵگەیەکی ڕوون لە دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنییەکان لە دەزگای دادوەریدایە.

شایەنی باسە کە، دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی شەریفە محەممەدی ڕۆژی شەممە ١٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٨ی ژوئەنی ٢٠٢٤) لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ڕەشت بەڕێوە چووە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە، شەریفە محەممەدی، هاووڵاتیی تورک و خەڵکی ڕەشت لەلایەن لێپرسانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنە، بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاری دەروونی و جەستەییدا داندراوە.

شەریفە محەممەدی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ڕەشتدا دەستبەسەر کرا و ماوەی حەوت مانگی ڕابردووی (٢١٢ ڕۆژ) لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە و لاکانی ڕەشت و هەروەها دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەو دوو شارەدا تێپەڕ کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە