سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ٤ کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە درێژەی سەپاندنی سزا قورسەکان بەسەر دەستبەسەرکراوانی مانگی بەفرانباردا، سزای سێدارەی بەسەر چوار هاووڵاتیی بە ناوەکانی محەممەدڕەزا مەجیدی ئەسڵ، بیتا هیممەتی، بێهرووز زەمانی نژاد و کورۆش زەمانی نژاد سەپاند و دەستی بە سەر ماڵ و مڵکی ئەو کەسانەدا گرت.. هەروەها تۆمەتبارێکی دیکەی هەمان دۆسیە بە ناوی ئەمیر هیممەتی سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئیمان ئەفشاری"، سزای قورسی بەسەر پێنج هاووڵاتیدا سەپاندووە و پێیان ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئەم بڕیارە، محەممەدڕەزا مەجیدی ئەسڵ، بیت هیممەتی، بێهرووز زەمانی نژاد و کورۆش زەمانی نژاد بە تۆمەتی "کردەوەی ئۆپەراسیۆنی بۆ دەوڵەتی دژبەری ئەمریکا و گرووپە نەیارەکان" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم چوار هاووڵاتییە جگە لە سزای سێدارە، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهی وڵات" هەر کامەیان سزای ٥ ساڵ بەندکران و وەک سزای تەواوکاریش، سزای دەستبەسەرداگرتنی گشت ماڵ و داراییەکانیان بەسەردا سەپێندراوە.
جێی ئاماژەیە کە لە هەمان دۆسیەدا، ئەمیر هیممەتی (تۆمەتباری ڕیزی پێنجەم) لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی" سزای ٥ ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "چالاکی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام" سزای ٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، محەممەدڕەزا مەجیدی ئەسڵ و بیتا هیممەتی هاوژینی یەکتر و دانیشتووی تارانن و ئەمیر هیممەتیش خزمێکی نزیکی ئەوانە. هەروەها بێهرووز و کورۆش زەمانی نژاد کە پەیوەندیی خزمایەتییان هەیە، لە ناو یەک باڵەخانەدا و بە شێوەیەکی هاوکات دەستبەسەر کراون.
دادگای شۆڕش وەک پاساو بۆ ئەم تۆمەتانە، ئاماژەی بە "بەشداری لە گردبوونەوەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار"، "دانی دروشم"، "تێکدانی مۆڵکی گشتی" و هەندێک ئیدیعای نەسەلمێندراوی وەک "هاویشتنی کەرەستەی ئاگرین و بەکارهێنانی چەکی نادیار" کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە دەقی بڕیارەکەدا، هیچ بەڵگەیەکی ورد و جیاکراوە سەبارەت بە ڕۆڵی هەر کام لە تۆمەتبارەکان نەخراوەتە ڕوو.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر گوشاری توندی جەستەیی و دەروونیدا بوون. هەروەها ئەم تۆمەتبارانە لە تەواوی پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دڵخوازی خۆیان و پێوەرەکانی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە بێبەش بوون.