ئەمجەد بەختیاری لە مامۆستایانی دێولان، سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا

٢٥ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١١:٠٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

ئەمجەد بەختیاری لە مامۆستایانی فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری دێولان، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ بەندکران و لێدانی ٧٤ زەربەی قامچیی بەسەردا سەپێندراوە و لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە گوشاری خراوەتە سەر.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمجەد بەختیاری بەهۆی بەشداریی لە ڕەوتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" و "چالاکیکردن بە قازانجی دژبەرانی حکومەت" لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی شاری دێولان سزای ١٢ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٤ زەربەی قامچیی بەسەردا سەپێندراوە و ئەو سزایە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەسێردراوە.

ئەمجەد بەختیاری تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی دێولان، لەم دواییانەدا بەهۆی ئەوەی بە"چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردوودانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی" ناو بردراوە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگ کراوە و هەڕەشەی لێکراوە.

هەروەها ئەمجەد بەختیاری، لەلایەن لیژنەی پێڕاگەیشتن بە سزا ئیدارییەکانی پارێزگای سنە، بە تۆمەتی وەکوو "بەشداری لە خۆپیشاندانەکان" و "سووکایەتیکردن بە خامنەیی" لەگەڵ بڕینەوەی ڕیزبەندیی مامۆستایان ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

شایەنی باسە کە، ناوبراو بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و لە نیوەی مانگی خەزەڵوەری ئەو ساڵە بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە