پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ئێڤین: ئێمە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی بچووکین، بە هەژمار نایەین، بەڵام بۆ سزاکان، قورسترین و گەورەترینین
هەنگاو؛ دووشەممە ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤
پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد کە ساڵی ڕابردوو لە تاران دەستبەسەر کرابوو و ئێستا لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران ڕاگیراوە، نامەیەکی بەناوی "شاردنەوەی ڕاستی و بەدیلەکەی" نووسیوە، کە بەدەستی هەنگاو گەیشتووە و باسی چیرۆکی خۆی لە شێوەی دەستبەسەرکران و ئەشکەنجەدرانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەکات و دەنووسێت: "چەندین جار لەلایەن لێپرسەکانمەوە هەڵواسراوم".
دەقی تەواوی نامەکە کە بۆ یەکەمجار لە لایەن هەنگاوەوە بڵاو کراوەتەوە، بەم شێوەیە؛
شاردنەوەی ڕاستی و بەدیلەکەی
هەر لە سەرەتای کاتی منداڵییەوە خەبات بۆ مانەوە، بە چیرۆک و لایلایەکانی دایکێک کە سەختییەکانی ژیانی تا سەر ئێسقان چێشتبوو و بە دەنگە دڵگر و خۆشەکەیەوە باسی مانای ژیان و ئازادی دەکرد، فێر بوو و باڵای گرت.
ماوەیەکی درێژ بوو کە بۆ مانەوە و دیتنەوەی ڕێگایەک بۆ بوون و لەویش سەرتر، چۆنیەتیی بوون شەو و ڕۆژی نەدەناسییەوە. لە لووتکەی گەرمای هاویندا، بە هێرشی نزیکەی ٢٠ کەس و بە شێوازی تۆقێنەری حکومەتی کە بە وتەی خۆیان تیرۆریستیان گرتبوو (هەر ئەو تیرۆریستە کە تۆقاندن لەبەر چاوانی خەڵک یەکێک لە بنەماکانێتی!) بە دەستی لە پشتەوە بەستراو و چەکێک لەسەر سەری، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ، ئەو کەسەی کە دوای ١٠ ساڵ پووری دەدیت، سێ ئەندامی دیکەی بنەماڵەکەی لەسەر زەوی خەوێندرابوون و بە زەردەخەنەیەکەوە کە نیشانەی دەسەڵات و سەرکەوتنە لەسەر پشتیان بوون.
دیمەنی کوشتن و لێکدابڕانی هەزاران بنەماڵەی کوردی سووریا وەکوو فیلمێکی تراژیدیا لەبەر چاوانیدا تێدەپەڕێت.
لە نێوان مەرگ و ژیان کێبڕکێیەک هەیە. لە لاوازیی سەختی جەستەییدا دەستەکانی لەسەر دیواری ژوورە تاکەکەسییەکەی گرتبوو تا نەکەوێت. دیواری ئەو ژوورەی کە لە ساڵی ٢٧٠٩ هەر بە هەمان تۆمەتی "کوردبوون" و "ژنبوون" لەوێ ڕاگیرابوو.
لە بەشی سێیەمەوە گوێی لە دەنگی کۆکەی باوکییەوە دەبێت کە تازە لەسەر ڕژێنی شێرپەنجەکەی نەشتەرگەری کراوە و جارێکیش جەڵتە لێی داوە و نیگەرانی باری دەروونی و جەستەیی دوو ئەندامی دیکەی خێزانەکەیەتی.
هەر لە یەکەم ڕۆژی لێپرسینەوەدا پێشنیار دەکرێت دۆسیەکەی دادگایی نەکرێتەوە و هەموو شتێک بە هێمنی و بەبێ هیچ دەنگەدەنگێک یەکلایی بکرێتەوە!...
لە کاتی لێپرسینەوەدا هەڵیاندەواسی. ١٠ مەتر دەیانبردە بنی زەوی و دیسانەوە دەریاندەهێنایەوە و بە نائومێد و دۆڕاوێکی کۆمەڵایەتی ناویان دەبرد. بیرەوەریی مێژوویی پڕە لەوجۆر ڕووداوانە. هەر لە منداڵییەوە مۆری جیاییخواز و ڕەگەزی دوەهەمی خواردبوو و بە هاووڵاتی دانەندرابوو. ئێمە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی بچووکین، بە هەژمار نایەین، بەڵام بۆ سزاکان، ئێمە قورسترین و گەورەترینین.
جارێکی دی لە لێپرسینەوەدا، بێهیوایی کۆمەڵایەتی و شکستەکەی وەبیر دێننەوە.
هەر مرۆڤێک بە ڕەگەزەکەی (سەرەتاییترین ڕەهەندی تێگەیشتنی)، بە زمانی، بە کەلتوور و هونەرەکەی، بەڕێوەبردنەکەی و بە ئازادی و شێوەی ژیانی و بەگشتی ئایدیۆلۆژیاکەیەوە مرۆڤە. هەر کات یەکێک لەوانە لە ژیاندا لەکار بکەوێت و یان لەنێو بچێت، چی دیکە جێگایەک بۆ ژیانێکی مرۆڤانە نامێنێتەوە. گەر ویست و بڕیاری ژن وەکوو مرۆڤێک کە ڕێز لەخۆی دەگرێت لەنێو ببەی، چی دیکە جێگایەک بۆ ژیانێکی ئازادانە نییە و ئەوە بە مانای دابەزینی پێوەرە مرۆڤی_ئەخلاقی_سیاسییەکانە، لەوێدا کە ژیان بە ناسنامەی خۆی، لە مانا بەتاڵ دەبێتەوە، شێوەیەک لە بەرگریکردن دەگرێت و ژیان دەچێتە قۆناغی یاخیبوونەوە.
چەندین جار دەدرێت بەسەر کورسییەکەدا، سووکایەتییەکان، بێڕێزییەکان و هەڕەشەکان لە خراپترین دۆخی دەروونی و جەستەییدا کە بەرهەمی مانگرتنێکی درێژ و ٥ مانگ ژووری تاکەکەسییە (ترسناکترین شێوەی ئەشکەنجەی سپی) و گوشارە ناسنامەیی و مێژووییەکان، ژووروکە پڕ دەکاتەوە. ئەو ئەشکەنجەدانانەی کە دڵۆپێکی بچووک لە مێژوون، مشتە کۆکراوەکانی لێپرس کە وەکوو دەوڵەتمەدارێک هەموو جارێک دەسەڵاتەکەی خۆی پیشان دەدات، ئەو دەنگەی کە دیسان هاوار دەکاتەوە، بۆ ڕاستییەکان دەشارییەوە؟!
گەورەترین ڕاستیی کۆمەڵایەتی، یانی ژن، ناسنامەکەی، کوردبوون، ژیان و ئازادیتان شاردووەتەوە، کامە ڕاستی؟ کام شاردنەوە؟!
بیری پاوانخوازی، سێسکسیزم و ئایینگەرایی، بۆخۆی هۆکاری قەیرانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کولتوورییە و لە ڕووی سروشتیشەوە بێت، ئەوەی بۆخۆی هۆکارە ناتوانێت چارەسەر بێت. ئەوە خەڵکن کە ویست و هۆشیاریی پێویستی کۆمەڵایەتی سیاسی بۆ چوونەدەرەوە لە قەیرانیان هەیە. شاردنەوەی ڕاستییەکانی کۆمەڵگای ژنان، کوردان و سەرجەم کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان، تووشی شێواندنی مێژوویی هاتن و شاردنەوەی گەورەترین ڕاستییە.
ئەوە تەنیا کورد نییە کە کێشەی هەیە، پرسێکی گەورەتر بوونی هەیە. جیاوازیی ناوەند و سنوور لە یەک پیتدایە، واتە شاردنەوەی ڕاستییەکان و ئەویش لە ناوەنددا شاردراوەتەوە.
سڕینەوەی ڕوخساری کێشەکە لەبری چارەسەرکردنی هیچ کات ناتوانێت چارەسەر بێت. لەناوبردنی توانای گشتیی ژنان و کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان لە ڕووی ترسەوە، هەڕەشەیە! لەو ئەگەرەدا کە دیموکراسی و سیاسەت هیچ کات نابێت ترسێکیان لە ڕاستییە کۆمەڵایەتییە زەحمەتەکان کە خاوەنی بیرەوەریی مێژوویی دەوڵەمەند لە جینۆساید و نکۆڵیکردن و هەڵوەشاندنەوەن، هەبێت.
ژوورێک کە چەند مانگێکە بە خوێنبەربوونی لەسەریەک و مانگرتنی بەردەوام لە دۆخێکی تەندروستیی سەختدا لەگەڵی بەتەنیا کەوتووە. بێجگە لە لەبنهێنانی هێز بۆ پووچەڵکردنەوەی زانیارییەکان کارێکی دیکەش هەیە؟! لەگەڵ خۆی بە دەنگێکی بەرز ئەوە دەڵێتەوە کە دڵۆپێکی بچووک لە زەریایەکی بەرینە کە پێشی پێ ناگیرێت. لاقەکانی دەشێلێت تا بتوانێت لەسەر پێ ڕاوەستێت، هەڵدەستێت، دەکەوێت، چاوەڕواننەکراو نییە بەم هەوراز و نشێوانەوە ڕێ کەوتووین. مانای ژیانی ئێمە ئەوەیە، ئەو ڕەنجەی مرۆڤ نەکوژێت، بەهێزتری دەکات. ژیان لە نێوان سنووری بوون و نەبوونمان بەتەواوی گیانمانەوە هەست پێکردووە، و لەگەڵی ژیاوین.
یەکەمین تەرمێک کە دیتبووی، خەدیجە بوو کە بەدەستی هاوژینەکەی و براکەیەوە دەستی گرێ درابوو و سووتێندرابوو. بڕیاری دابوو لە بەرگریکردن لە مافی ژنان دەست هەڵنەگرێت. هەزاران ژن و منداڵ کە لە هێرشی داعشدا، سەری پیاوەکانیان لەبەر چاوانیان بڕا و دیلیان کردن و دەستدرێژییان کردە سەریان. ئەو کولتووری دەستدرێژییەی کە بەسەر ژندا ئەنجام دەدرێت، دایکانێک کە منداڵەکانیان بە بەر سینگیانەوە بوون و شیریان ویشک بووەوە. منداڵانێک بە پێخاوسی کە سەدان کەسیان، سینگیان بە سینگی بەردەکانی شنگالەوە سپاردبوو و لە تەواوی میدیا جیهانییەکاندا ڕەنگی دەدایەوە. تاوانێک دژ بە مرۆڤ کە بە نووسینی سەدان کتێبیش ناکرێت هەموو گۆشەکانی نیشان بدرێت.
و لە شوێنێکی دی لە کۆبانێ و.... دەیان ژن و منداڵ کە بە هێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا، سووتان و لە هێرشی داعشدا تەرمەکانیان پارچە پارچە کرا.
لە خەو ڕادەچڵەکێت و توانایی هەستانەوەی نییە، هەڵدەهێنێتەوە هەڵهێنانەوەیەکی مێژوویی.
بە زۆری لەسەر کورسییەکە دادەندرێت، هەڕەشەکان و بێڕێزییەکان دەست پێ دەکەنەوە. بۆ چی چوویتە سووریا؟ بۆ چی نەچووی بۆ ئەورووپا؟!
دیسان دەیپرسنەوە!! ڕاکێشان و گیراییەک لە ڕۆژئاوا کە بە تەواوی گیانەوە هەستی پێدەکرێت. ڕەنگە باس لە خەونەکانی بکات یان هاندانی بۆ ئەوەی ئاواتەخوازی بوو؟!
دوای بێهیوایی و سەرنەکەوتنی دۆسیەی ٢٧٠٩تان بەهۆی کەشی خنکێنەری سیاسی_کۆمەڵایەتی، بە فەرسەخ خۆم لە وڵاتەکەم (ئەو جێی باوەشی دایک بوو) دوور خستەوە. مانای ژیانم بوو بە بێمانایی. دوور کەوتمەوە تا بچم بۆ ئەو جێی کە هی منیش بوو (هەر ئەو جۆرەی کوتبووتان، کوردستانی سووریاش هی ئێمەیە، کوردستانی تورکیا و عێراقیش هەروەها). کەواتە بۆ جێگایەک بێجگە لە جێگا و ماڵی خۆم نەچووم! دەستپێکی وەرزێکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەتایبەت کار لە کەمپی پەنابەرانی شەڕدا دەتوانێت گەورەترین خزمەتی ئەخلاقی_ویژدانی بۆ کۆمەڵگایەک بێت کە ساڵانێکە چەوساوەتەوە. بەجێهێنانی ئەرکێکی یارمەتیدەرانە کە بە تێپەڕبوون لە سنوورەکان دەبێتە شۆڕش، ئێوەش لەوێ بوون؟!
دەنگیان بەرزتر دەکەنەوە، هەرکەس لەوێیە، ئەندامی گرووپی Pkkیە؟!
لەپێشگرتنی شێوەیەکی ئاریکارانە و ناچەوسێنەر، بە تێڕوانینێکی نازانستی و بابەتگەرایانە و بەبێ هەبوونی جەوهەرگەرایی و بە پشتبەستن بە هەندێک وێنە (لە گەرمەی شۆڕشدا لە هەر ماڵێک، گەڕەکێک، کەمپێک ژن و پیر و لاو چەکیان بە دەستەوەیە) ڕێکخراوانە بە هەژمار هێنانی، بەهەڵە پێناسەی هەڵەی ئێوەی لەو پرسەیە.
سەرەتا باوەڕم بە شۆڕشی عەقڵیەتی و گۆڕانی جیهانی هەستی تاکەکانە پاشان ئاڵوگۆڕە پێکهاتەییەکان. لەنێو شۆڕشدا بێگومان کارەکتەر ساز دەبێت و بنیات دەنرێت. خیانەت و قارەمانێتی بە ئاراستەی بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتی_سیاسییەکان زیاتر دەردەکەون چونکە لە ناخی بابەتە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبن. بەڵام کارەکەی تۆ جیاوازە. گرتنە بەری شێوەیەکی دیموکراتیک و سیستەماتیک و سازکردنەوەی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی_سیاسی لە دڵی چالاکییە مەدەنی و مرۆڤ دۆستانەکاندا، ڕێنماییمان دەکات بۆ ڕێگاچارەیەکی هەستپێکراوتر کە خاوەنی بەهایەکی کارکردیی زیاترە.
دەبێت جیاوازییە ڕەسەنایەتییەکان قبووڵ بکەین و ئەوە بە مانای جوداییخوازبوون نییە.
سیستەمی شۆڕشی عەقڵیەتی بە ڕێگای خۆیدا دەڕوات. دێموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا لە ڕێگای دێموکراتیزاسیۆنی بنەماڵە بۆ زاڵبوون بەسەر سێکسیزم، دێموکراتیزاسیۆنی دین بۆ تێپەڕبوون لە ئایینگەرایی (نە دژایەتیی ئایین)، دێموکراتیزاسیۆنی تەواوی ناوەندەکان بۆ ڕێگریکردن لە پاوانخوازی و ئەوە شێوازی تیۆرییەکی هاوبەشە بەبێ کەوتنە نێو داوی دیکتاتۆریەت و سڕینەوەی نەریتە ڕەسەنەکانی گەلەکانی ناوچەکە کە بەشێکی گەورە لە ناسنامەیانە.
سەرجەم چالاکی و هەوڵەکانم بەمەبەستی خزمەتکردن و بەجێهێنانی ئەرکێکی مێژوویی سەبارەت بەو ئەزموونانەی بووە کە ژیاوم و سەرکوتە مێژووییەکانم کە هەڵبەت باوەڕم هەیە ڕێگای دروستی گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک بێگومان لە بەکارگرتنی شێوازێکی دیموکراتیک بۆ سازکردنی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی_سیاسییەوە تێدەپەڕێت کە خەڵک بۆ خۆیان لە بابەتە کۆمەڵایەتییانیدا بەشداری بکەن، بەجێی نیگەرانییان بزانن و چارەسەری بۆ ببیننەوە. بەشداریی زۆرینەی خەڵکی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و ڕێگای دەربازبوون لە قەیرانەکان دەبێت و ئەوە هەمان ژیان بە زانستی ژنە کە بەدیهاتنی دێموکراسی دەبێتە هۆی بەدیهێنانی ئازادی.
پەخشان عەزیزی
جولای ٢٠٢٤
بەندیخانەی ئێڤین