سنە؛ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی تایبەتی ڕۆژی جیهانی ژنان و خوێندنەوەی ڕاگەیێندراوەیەک سەرەڕای هەڕەشەی ناوندە ئەمنییەکان

١٧ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ٢٣:٠٠

هەنگاو؛ هەینی ١٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

ڕێوڕەسمی تایبەتی ڕۆژی جیهانی ژنان لە شاری سنە بە بەشداریی چەند دامەزراوەی چالاک لە بواری ژنان، سەرەڕای گوشار و هەڕەشەکان لەسەر چالاکانی مەدەنی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە، بەڕێوە چوو و ڕاگەیێندراوەیەکی فەرمی لە لایەن سێ دامەزراوە لە بەرگری لە مافەکانی ژنان خوێندرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٧ی مارسی ٢٠٢٥)، ڕێوڕەسمی تایبەتی ڕۆژی جیهانی ژنان بە بەشداریی یەکیەتی ژنانی کوردستان، چالاکی مەدەنی ژنانی سنە و چالاکانی مافی ژنانی سنە و چەندین گرووپ و دامەزراوەی دیکە لەو شارەدا بەڕێوە چوو. لەو ڕێوڕەسمەدا چالاکانی ژن بە نووسینی پلاکاردی "٨ی مارس پیرۆز بێت"، "ژن نامووسی کەس نییە"، "ڕۆژی جیهانی ژنان پیرۆز بێت" و بەرزکردنەوەی وێنەی سێ بەندکراوی سیاسیی ژن، پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و شەریفە محەممەدی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە، بەشدارییان کرد.

ئەو ڕێوڕەسمە لەحاڵێکدا بەڕێوە چووە کە ڕۆژی ڕابردوو ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ژمارەیەک لە ژنانی چالاک لە بواری مافەکانی ژنانی بانگ کردبوو و سەبارەت بە بەشداری لە ڕێوڕەسمی تایبەتی هەشتی مارس هۆشدارییانی پێ دابوو.

هەروەها لەو ڕێوڕەسمەدا ڕاگەیێندراوەیەک لە لایەن یەکیەتی ژنانی کوردستان، چالاکانی مەدەنی ژنانی سنە و چالاکانی مافەکانی ژنانی سنە خوێندراوەتەوە کە دەقی ئەو ڕاگەیەندراوە بەو شێوە بووە:

هەشتی مارس بیرهێنانەوەی خەباتی مێژوویی ژنانە لە دژی چەوسانەوه و ستەم و نایەکسانی. ئاخێزگەی ئەم ڕۆژە ئەگەڕێتەوه بۆ ناڕەزایەتییەکانی ژنانی کرێکاری سەدەی نۆزدەهەم که بوه هۆی سەرەتای بزووتنەوەیەکی بەرفراوان و دەستکەوتی گرنگ لە بواری مافە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان.  لە خەبات بۆ مافی دەنگدان تا بەرخۆدان لە دژی سیستەمی پیاوسالاری و توندوتیژی پێکهاتەیی، ژنان سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان دەستبەرداری ئارمانەکانیان نەبوون و هەمیشە پێشەنگی خەباتی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانە بوون و ئاسۆگەیەکی ئینسانیتر لە ژیان وێنا دەکەن.

سەرەڕای ئەوەش لە ئێراندا سیستەمی دەسەڵات هەمیشە هەوڵی داوە بە جێبەجێکردنی سیاسەتی دژی ژنان ئەوان لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش بکات.  یاسای سەرکوتگەرانەی وەک حیجابی زۆرەملی، هاوسەرگیری منداڵان، سەرکوتکردنی ئازادییە تاکەکەسییەکان و پێشێلکردنی مافی زاوزێ، ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ژنان و شەرعیەتدان بە پیاوسالاری. ئەم سیاسەتانە نەک هەر ئازادی و دەسەڵاتی ژنانیان سنووردار کردووە، بەڵکو وایکردووە توندوتیژی دژ بە ژنان به شێوەیێکی بەرفراوان یاسایی و ڕەوا دەرکەوێت.  زیادبوونی ئاماری ژنکوژی، دەستدرێژی، توندوتیژی دژبه منداڵان و سزاگەلی توند بەرامبەر بە ژنان، دۆخی بێ بەزەییانەی ژنان لە ئێران نیشان دەدات.  هەروەها هەڵاواردن لە تەرخانکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان لە چوارچێوەی سیستمی نیولیبراڵی نایەکسان و قەیرانە ئابوورییەکان زۆرترین گوشاری خستۆتە سەر چین و توێژە لاوازەکانی کۆمەڵگا بەتایبەت ژنانی پەراوێزخراو و لەسەروی هەموویانەوە ژنانی نەتەوە ژێردەستەکان وەک بەلووچ و کورد و عەرەب و بەشێکی زۆر ژنان لە کارە نافەرمیەکاندا.  لەم دۆخەدا ژنان هاودەنگ لەگەڵ بزووتنەوەی ژنان لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکەدا، وەک بزووتنەوەی کرێکاران، خانەنشینان، مامۆستایان و قوتابیان، لە خەباتی دادپەروەری و یەکسانیدا ئامادە بوون و لە دژی چەوسانەوەی پێکهاتەیی دوو هێنده هێزیان بە دەنگی ئەوان بەخشیوە.

ژنان لە  ئێران لەژێر دەسەڵاتی حکومەتێکدان کە ئەوپەڕی ترسی لە بوونی ژن هەیە.  ئەم ترسە لە شۆڕشی ژینا و دروشمی پێشکەوتوی شۆڕشی ژینا، "ژن، ژیان، ئازادی"، هێندە زیادی کردووە کە حکومەت حوکمی لەسێدارەدانی بۆ ژنانی ماف خواز و ئازادیخواز دەرکردووە.  ژنانێ وەک پەخشان عەزیزی، شەریفە محەممەدی و وریشە مورادی کە حکومەت هەوڵیدا دەنگیان کپ بکات، بوونەتە هێمای خۆڕاگری لە بەرامبەر سیاسەتی سەرکوتدا.  دەنگی دادخوازی ئە وان  بووە بە هاوارێکی جیهانی دژ بە ستەمکاری.

هاوکات خەباتی ژنانی کوردستان وەک یەکێک لە نموونە پێشەنگەکانی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی ژنان بوەتە هێمای پێگەیشتن و پەرەسەندنی ئەو بزووتنەوەیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.  ژنانی کورد نەک هەر لە دژی چەوسانەوەی ڕەگەزی و نەتەوەیی و چینایەتی خەباتیان کردووە، بەڵکو بە دروستکردنی پێکهاتەی سەربەخۆ و ڕێکخراو، مۆدێلێکی نوێی بەرخۆدان و خۆڕێکخستن و خەباتی ڕزگاریخوازانەیان خستۆتە ڕوو.  لە میدانەکانی شەڕ و هەروەها لە مەیدانی کۆمەڵایەتی و فیکریدا ڕۆڵێکی بێ‌هاوتایان لە پێشخستنی ئارمانی یەکسانی و ئازادیدا بە ڕاوەستان و بەرخۆدانی خۆیان بینیوە.  ڕێکخستن و بەشداری ژنان لە هەموو بەشه سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازییەکاندا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئازادی ژن بنەمای ئازادیی هەموو کۆمەڵگایە.

بزووتنەوەی ژنان ڕێگایەکی بێگەڕانەوەی گرتوەتە بەر.  هۆشیاری و ڕێکخستن و ئەزمونی مێژوویی ئەو خەباتانە، وایکردووە کە نەتوانرێت بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی نایەکسانی و چەوساندنەوە.  ژنان لە هەموو جیهان و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرگیز ناگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو کە دەنگیان کپ کرابوو.  ئەم بزووتنەوەیە گۆڕانێکی بنەڕەتی و بێگەڕانەوەی نەک تەنها بۆ ژنان، بەڵکو بۆ تەواوی کۆمەڵگاکان هێناوەتە ئاراوه.  سەرکەوتن لەم ڕێگایەدا نەک هەر جێی شک و گۆمان نییە، بەڵکو پێویستییەکی حەتمییە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ئازادی.

ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ڕۆژی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان، بیرهێنانەوەی بزووتنەوەیەکی هەمەلایەنەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە که ژنانی ئێران و بە تایبەت ژنانی کوردستان، بە ئیرادەیەکی زیاتر لە ڕابردوو، بەرەو بەدیهێنانی ئارمانەکانیان کارئەکەن.  شان بە شانی یەک دژی هەر چەشنه نابەرابەریێک ئەوەستن و خەبات ئەکەن بۆ بنیاتنانی جیهانێکی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر. بەم پێیە، ئەمساڵ لە ڕۆژی جیهانی ژناندا، ئەبێ دروشمی نە بۆ سێداره، نە بۆ ژنکوژی و هەروەها خەباتی یەکگرتوو لە دژی گرانی تەوەری سەرەکی هەڵمەتەکانمان بێت.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە